مەردان حەمەساڵح: چەکدارانی داعش جموجۆڵەکانیان دەست پێ کردووتەوە

مەردان حەمەساڵح، فەرماندەی میحوەر
مەردان حەمەساڵح، فەرماندەی میحوەر

K24 – خورماتوو:

جمجۆڵی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی میحوەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە بەرزاییەکانی نێوان کفری و خورماتوویان بەسەر کردەوە، کە یەکێکە لەو ناوچە مەترسیدارانەی عێراق کە چەند ساڵێکە بووەتە پەناگە و شوێنی خۆحەشاردانی گرووپە چەکدارەکانی داعش.

زیادبوونی جموجوڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بە تایبەتیش ناوچەکانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بەردەوامە، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیایی لە هەرێمی کوردستان، لە هەولێرەوە هێناوەتە ناوچەی قوڕی چایی کە یەکێکە لە ناوچە سەختەکانی نێوان کفری و خورماتوو.

لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئێمە لەسەر دوو بنەما کار دەکەین: یارمەتی هێزە ناوخۆیەکان دەدەین لە شەڕکردن لە دژی داعش، هەروەها پشتگیریی لە هێزە ناوخۆییەکان دەکەین سەبارەت دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان. ئەمە ئەو کارەیە بە تایبەت لەگەڵ  هێزە کوردییەکان (هێزەکانی پێشمەرگە) دەکەین".

لارس پێرسیکۆڤسکی گوتی: سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و بە پێویستی زانی هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باشی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون.

بەرزاییەکانی نێوان کفری و خورماتوو، یەکێکە لە هەرە مەترسیدارترین ناوچەکانی عێراق، کە چەند ساڵێکە نەتوانراوە جموجۆڵی چەکدارەکانی داعشی تێدا بنەبڕ بکرێت، بەردەوامیش لە ناوچەکەدا داعش کردەوەی تیرۆریستی جۆراوجۆر دەکەن.

لای خۆیەوە مەردان حەمەساڵح، فەرماندەی میحوەر دووی هێزەکانی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی گوت: چەکدارانی داعش لە ناوچەکە جموجۆڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە و زانیاریمان لەسەر جموجۆڵەکانیان هەیە، دەبێت خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی قۆناغێکی دیکەی دەستپێکردنەوەی هەڕەشەکانی تیرۆرستانی داعش بکەن.