یێروان ئه‌مینیان: سەرۆک بارزانی هەمیشە پاڵپشتیی لە پێکهاتەکان کردووە

یێروان ئه‌مینیان، كه‌سایه‌تی ئه‌رمه‌ن
یێروان ئه‌مینیان، كه‌سایه‌تی ئه‌رمه‌ن

K24 – هەولێر:

كه‌سایه‌تییەکی ئه‌رمه‌ن، ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر کۆمیسیۆن سکاڵای تۆمار نەکردبایە، ئەوا ئەو پێنج کورسییەش بۆ پێکهاتەکان نەدەگەڕایەوە. هاوکات گوتی: سەرۆک بارزانی هەمیشە پاڵپشتیی لە پێکهاتەکان کردووە.

یێروان ئه‌مینیان، كه‌سایه‌تی ئه‌رمه‌ن، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 گوتی: وەک پێکهاتەی ئەرمەن، سکاڵامان  لە دادگای فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرد. هەورەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش سکاڵای لەسەر کۆمسیۆن تۆمار کردبوو هەر ئەمەش بووە هۆکاری گەڕانەوەی کورسیی بۆ ئەرمەنەکان.

هاوکات دەڵێت: "پێشبینی دەکەم مانگی 10 هەڵبژاردن بکرێت، هەروەها دڵنیام پێکهاتەکان داوای گەڕانەوەی کورسییەکانیان دەکەن، بەڵام دادگەی فیدراڵی تازە لەسەر ئەو پرسە هیچ بڕیاڕێکی دیکە نادات".

لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە ماف بۆ پێکهاتەکان، ئەو کەسایەتییە ئەرمەنە گوتی: هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبیر ناکەین، سەرۆک بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە پێکهاتەکان کردووە، هەروەها ئەگەر سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران نەبووایە ئەو پێنج کورسییەش بۆ پێکهاتەکان نەدەگەڕایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.

پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە پشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.