دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی بە دۆسێی بێسەروشوێنبووان دەدات

دیندار زێباری، ڕیکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، ڕیکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وۆرکشۆپێک دەربارەی بێسەر و شوێنبووان ئاماژەی بە قوربانییەکانی گەلی کوردستان کرد و گوتی، گەلی کوردستان گەورەترین قوربانی تاوانی بێسەروشوێنکردن بووە لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەوە تا دەگاتە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش.

ڕۆژی چوارشەممە(22ـی ئایاری 2024)، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان  بەشداریی لە وۆرکشۆپێک دەربارەی کەیسی بێسەروشوێنبووان کرد کە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبووان (ICMP) ڕێکخرابوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکان، لەو وۆرکشۆپەدا هیشام عەلەوی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پلاندانانی سیاسی، زێدان خەلەف ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ ئامادەبوون.

 

هەر لە وۆرکشۆپەکەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستەر ئەوەی گەلی کوردستان گەورەترین قوربانی تاوانی بێسەروشوێنکردن بووە لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەوە تا دەگاتە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش.

هاوکات، دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە دۆسێی بێسەروشوێنان داوە لە دەرکردنی یاسا و یارمەتیدانی قوربانیان و کەسوکاریان و پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و ڕزگار کردنی ڕفێندراوان و بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش.

زێباری لەبارەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش ڕایگەیاندووە، داعش پێشتر هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی ڕفاند کە ژمارەیان شەش هەزار و (417) کەس بوون و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئاشکراشی کردووە، بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم تا مانگی شوباتی ساڵی 2024، سێ هەزار و 576 کەس ڕزگارکراون، لە (1208) ژن، (339) پیاو، (1070) کچ، و (959) کوڕ، و (2693) کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم هاوکاریی قوربانیان و ڕزگاربووانی کردووە، لەوانە کردنەوەی (50) سەنتەری هۆشیاریی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و دەروونیی لەناو کەمپەکاندا، لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندی (جینۆساید) لە پارێزگای دهۆک، هاوکات دامەزراندنی سەنتەرێک لە هەولێر بۆ چاککردنەوەی ژنانی ڕزگارکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و ڕێکخراوی ئەمریکی (CRI)، کە سەدان ڕزگاربوو لێی سودمەند بوون، هەروەها پێشکەش کردنی چارەسەریی دەروونیی و کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ زیاتر لە (1278) کەس لە سەنتەری ڕاوێژکاریی لە دهۆک لە ڕێگەی یەکەی چارەسەریی دەروونیی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ستافی ڕاهێنراوەوە و ناردنی زیاتر لە (1000) ئافرەتی ڕزگاربووی داعش بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەروونی.