زاخۆ بووە براوەی یاریی دێربی كوردستان

گرتەیەك لە یاریی زاخۆ و هەولێر لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق. یاریگەی زاخۆ 22/5/2024
گرتەیەك لە یاریی زاخۆ و هەولێر لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق. یاریگەی زاخۆ 22/5/2024

لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە یەكەمین یاریی لەگەڵ سەمیر بابۆ تووشی شكست بوو، لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی دهۆك خاڵێكی لە زەورا وەرگرت.

زەورا دیسان بەرامبەر یانەیەكی كوردستانی خاڵی لەدەست دا

یانەی دهۆك لە نێو یاریگە و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی زەورای كرد، لە خولەكی 40ـی نیوەی یەكەمی یارییەكە (كۆڵێنس ئۆباری) یاریزانی پیشەگەری زەورا گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە كۆتایی هات.

لە خولەكی 62ـی یارییەكە دهۆك لە رێگەی لوكاس مۆسیس ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، یارییەكەش تا كۆتایی بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.

یانەی زەورا دووەمین یارییە لەسەریەك بەرامبەر دوو یانەی كوردستانی (زاخۆ و دهۆك) دەكەوێتە داوای یەكسانبوون و خاڵ لەدەست دەدات، بەمەش بە 57 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، لە بەرامبەردا یانەی دهۆك بە 45 خاڵ پلەی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.

زاخۆ یاریی دێربی هەرێمی كوردستانی بردەوە

لە یاریی دێربی هەرێمی كوردستان، یانەی زاخۆ لەبەردەم هاندەرانی باوەشی بۆ یانەی هەولێر كردەوە، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی یەكتر بهەژێنن، بەڵام نیوەی دووەم ئاگرین بوو.

لە خولەكی 69 ئەمجەد عەتوان لە دەرەوەی بۆكس تۆپێكی وەرگرت و بە لێدانێكی مووشەكی گۆڵی یەكەمی زاخۆی لە دژی هەولێر تۆمار كرد، بەڵام خۆشییەكانی زاخۆ زۆری نەبرد كاتێك شێركۆ كەریم لە خولەكی 72 ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.

دواتر لە خولەكی 87 لە رێگەی لێدانی پێناڵتی ئەمجەد عەتوان گۆڵی دووەمی خۆی و زاخۆی تۆمار كرد، یارییەكەش بە سەركەوتنی زاخۆ كۆتایی هات.

لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی ئەم وەرزە یانەی زاخۆ سێزدەیەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتووە، لە بەرامبەردا یانەی هەولێر دوازدەیەمین یاریی دۆڕاند، لە كۆی 28 یاری، 28 خاڵی هەیە و لە خانەی پازدەیەم دێت، بەڵام دوو یاریی دواخراوی بەرامبەر یانەكانی كارەبا و تەڵەبە هەیە.

.
.