گفتوگۆ لەبارەی خشتەی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق ده‌كرێت

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)

خشتەی بودجەی عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان و بڕیارە هەمواری بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی بکرێت. بودجەی ئەمساڵ 211 ترلیۆن دینارە و 66 ترلیۆن و 600 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە. هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان 20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە.

بەمەبەستی هەموار لە بەشێک لە بەند و بڕگەکانی؛ یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتە پەرلەمانی عێراق.  کۆی گشتیی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق، 2011 ترلیۆن دینارە و، زیاتر لە 66.6 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.

خەلیل غازی،  ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەربارەت بە مەترسی ئینفاق فیعلی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە ئینفاقی فیعلییەوە نەماوە و پێویستە مووچەکە مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت".

پشکی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 دا  20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە کە نزیکەی 12 ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و، نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە، کە پێشبینی دەکرێت بە پەسەندکردن و خەرجکردنیی گەشەی ئابووری لە هەرێمی  کوردستان زیاتر دەبێت.

بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2024-2025 داڕێژراوە و پەسەند کراوە ، لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا، ساڵ دوای ساڵ بەگوێرەی کورتهێنان، قەرز و داهاتەکان هەموار بۆ بەشێک لە بڕگەکان دەکرێتەوە و پاشان پەسەندی کۆتایی دەکرێت.