هونەر شێروانی: کەسێک لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کاری جوانکاریی بۆ خەڵک بکات دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە

دکتۆر هونەر شێروانی، بەپرسی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی
دکتۆر هونەر شێروانی، بەپرسی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی

بەرپرسی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات، ئەوانەی بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی کاری جوانکاریی بۆ هاووڵاتیان دەکەن، دووچاری پێ بژاردن و چوونە دادگا دەبنەوە.

دکتۆر هونەر شێروانی، بەپرسی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانە دەکات کە خزمەتگوزاریی تەندروستی پیشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن، بەتایبەت پشکنین بۆ سەنتەرەکانی جوانکاریی و نەخۆشخانەکان و مەساج و کۆمەڵگە و دەرمانخانە دەکرێت.

دەشڵێت، هەموو ئەو شوێنانە دەبێ مۆڵەتی کارکردنیان هەبێت، ئەوانەشی کاری تێدا دەکەن، گوتیشی، ڕێکارەکان گونجاون بۆ کردنەوەی سەنتەرەکانی جوانکاریی و نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکان.

دکتۆر هونەر شێروانی دەڵێت، هیچ سکاڵایەک نییە کەسێک لە ڕێگەی ئەو سەنتەرانەوە دووچاری نەخۆشییە گوازراوەکان بووبن .

بەپرسی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی گوتی، کابینەی نۆیەم پێداگری لەوە دەکات هیچ دەرمانێک بەبێ تێپەربوونی کوالێتی کۆنتڕۆڵ بێتە نێو هەرێمی کوردستان، پێویستە هاووڵاتیانیش ئاگاداربن لەوەی ئەو شوێنانەی کە دەرمان یاخود پێداویستیی پزیشکی لێ دەکڕن، دەبێت ستیکەریان پێوە بێت، دەشڵێت، ئەوەی کاری جوانکاریی بەبێ مۆڵەت دەکات، تووشی پێ بژاردن و دادگا دەبێتەوە.

سەندیکای پزیشکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو سەنتەر و کلینیکانەی کاری جوانکاری یان تاتۆیان تێدا دەکرێت و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان کاردەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان نییە، هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز و پێویستە سنوورێکیان بۆ دابنرێت.

سەنا ئەزیرجاوی، ئەندامی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پسپۆڕانی نەشتەرگەریی جوانکاریی دیاری بکات، تاوەکوو سنوور و چوارچێوەیەکی یاسایی و تەندروستی بۆ نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دیاری بکرێت.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە پزیشکە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی دیاری بکرێن، لەوانە پزیشکانی پسپۆڕی ڕووخسار و چەناگە، کە لە ڕووی یاساییەوە بۆیان هەیە لە بواری جوانکاریدا کار بکەن، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی پزیشکانی ددان لەو بوارەدا کار بکەن، هەر بۆیە باشتر وایە تەواوی سەنتەرەکان دابخرێن.