هەولێر.. هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕۆژانی هەینی قەدەغە دەکرێت

ژمارەیەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر
ژمارەیەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، ڕۆژانی هەینی قەدەغەیە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕێگەی هەولێر بەرەو شەقڵاوە و ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاکان هاتوچۆ بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-05-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری شوفێرانی بارهەڵگری کردەوە: "لە ڕۆژانی هەیینی، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی ڕۆژی هەیینی تا کاتژمێر 08:00 ـی بەیانیی  ڕۆژی شەممە ‌واتا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر له ڕێگەی هەولێر بەرەو شەقڵاوە بە ئاراستەی تونێلی پیرمام و شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان قەدەغە دەکرێت".

وەکو  ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "نابێت بارهەڵگرەکان بەو ڕێگایانەدا هاتوچۆ بکەن، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، سەلامەتی هاتوچۆ، دروستنەبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ لەم ڕێگایانەدا".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەم بڕیارە بەردەوامی دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێگەی گونجاو بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکان دابین دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە شوفێرانی بارهەڵگر دەکات لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەلامەتیی هاتوچۆ و ڕێگاو بانەکان پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن.

پێشتر هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاندبوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران بڕیار درا بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەنێو تونێلی پیرمام بە شێوەی یەکجاری قەدەغە بکرێت.

هاتوچۆی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە، گوایە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەو تونێلەدا هاتوچۆیان دەکرد، ئەمەش وای کردبوو هاتوچۆ لە تونێلکەدا سست بێت و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دروست ببێت، هەروەها لە ئەگەری پەککەوتنی هەر بارهەڵگرێکیش لە تونێلەکە، ئەوا ڕێگەکە بەتەواوی دادەخرا، کە ڕێگەیەکی گەشتیاری و ئابوورییە.