دۆسیەی 580 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان لە دادگان

ژمارەیەک ماددەی هۆشبەری دەست بەسەردا گیراو (وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24)
ژمارەیەک ماددەی هۆشبەری دەست بەسەردا گیراو (وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24)

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 580 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون و دۆسیەی سەرجەمیان لە دادگان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-05-2024، ئەرکان عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30-04-2024، توانراوە 580 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکرێن.

ئەو 580 کەسە وەکو ئەوەی ئەرکان عومەر باسی کرد، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش دەستگیرکراون. گوتیشی، لەو 580 تۆمەتبارە، 328ـیان کاری بازرگانی، کڕین و فرۆشتنیان بەو ماددانەوە کردووە.

بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دۆسیەی سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە لە دادگان بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەست  پێ دەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.