چەند پارچە شوێنەوارێکی کۆن لە گرد لەشکر دەدۆزرێتەوە

توێژەرانی پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی کە پێکدێن لە توێژەرانی زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی کەتەلۆنیا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، پێیان وایە گرد لەشکر دەتوانێت بەشداری لە دووبارە نووسینەوەی مێژووی کۆنی کوردستان بکات.

تویژەرانی توێژینەوەکە لە نووسراوێکدا ڕایانگەیاند، له ساڵی 2016ەوە پڕۆژەیەکی هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە گرد لەشکر دەکرێت، کە ڕووبەرەکەی چوار هێکتارە و بەرزیەکەی 14 مەترە، کە پەیوەندی بە شارە کۆنەکانەوە هەیە.

باسیان لەوەشکرد، ئەو شوێنەوارە شارێکی کۆنە و بە بەردەوامی بەکار هاتووە لە سەردەمی چاخی بەردینەوە تاوەک و چاخی بڕۆنزی کۆن و سەرەتای بڕۆنزی ناوەراست، 3500-2000/1900 پیش زاینی، پاشماوەی ئەو خانوانەی دۆزراونەتەوە تەکنیکی بیناسازی پێشکەوتووی تێدا بەکار هاتووە، بەگوێرەی تویژینەوەکە ژووری جیاواز دۆزراوەتەوە، وەک ژووری چێشتخانە و ئامادەکردنی خۆراک و بەکارهێنانی دانەوێڵە و گەنمەشامی و ئاژەڵی ماڵی.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کارەکانی هەڵکۆڵینی وەرزی 2024، لە مانگی نیسان و ئایار کراون، کە بریتی بوون لە هەڵکۆڵین و شیکاری بۆ سێ چینی شوێنەواری، لە هەریەکێک لەو چینانە خانووی لە خشت دروستکراو دۆزراوەتەوە، کە یەکێک لە ژوورەکان کورە یان تەنوورێکی گەورەی لەناوەڕاستی ژوورەکە بۆ خواردن و دانەوێڵە تێدابووە.  

توێژەران دەشڵێن: "هەروەها لەکاتی هەلکۆڵیندا لە ساڵی 2023 دا گۆڕێکیان دۆزیبووەوە کە کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ کردووە، لەگەڵ گۆڕەکەدا 20 گۆزە نێژرابوون. "