ئانۆ جەوهەر: ڕێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەری گشتیی هێلەکانی ئاسنینی عێراق
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەری گشتیی هێلەکانی ئاسنینی عێراق

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی هێلەکانی ئاسنینی عێراق دووپاتیان کردەوە کە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستان و عێراقدا تێپەڕ دەبێت. 

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە هاوبەشی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق و کۆمپانیای تایبەتی ئیتاڵی تایبەت بە هێلی ئاسنین کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەبوڵ کرا لەبارەی ئەو هێلە ئاسنینەی شەمەندەفەر کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی جێبەجێی دەکات لەچوارچێوەی ڕێگای گەشەپێدان کە ڕێگایەکی ئاسنین و ئۆتۆبانی نێودەوڵەتییە، ڕێگەکە بە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە بۆ دەڤەری دەشتی نەینەوا دەڕوات، دواتر بۆ سمێل و دەڤەری دێرەبوون تا دەگاتە سنووری عێراق و تورکیا، دەشڵێت، ئەمە پێشنیازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و قەبوڵیان کردووە.

ئانۆ جەوهەر دەڵێت، ئەو ڕێگایەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ببێت، زیاتر لە 32  کیلۆمەتر لە ڕێگاکە کورت دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی تێچووی کەمترە و لەڕووی تەناهیشەوە پارێزراو ترە.

دواتر یونس ئەلکەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق گوتی، بە بایەخەوە لەو پرۆژەیە دەڕوانین، لایەنە ڕاوێژکارییەکان بە پرۆژەکەدا دەچنەوە، دەشڵێت، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە بەندەری فاو تا دەگاتە موسڵ هەزار و 200 کیلۆمەتر ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەشێوەیەک لە باکووری مووسڵ تا هەرێمی کوردستان، دواتر بۆ سنووری عێراق و تورکیا جێبەجێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد،  هەنگاوی کەم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە ماوە.

یونس ئەلکەعبی  دەڵێت، دەمانەوێت هەرێمی کوردستان و کەرکووک بە تۆڕی نیشتیمانی و هێڵی ئاسنین ببەستینەوە، گوتیشی، ساڵانە 22 ملیۆن تۆن لەو رێگەیە دەگوازرێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی بەرهەمی نەوتی و غازیان هەیە، چونکە ئێستا جیهان چاوی لە عێراقە، دەڵێت، ئەو پرۆژەیە تاکە پرۆژەیە هەموو عێراق تێیدا بەشدارە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، هەموومان دەستمان لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە هەیە.