ڕۆژنامەیەک: 300 فڕۆکەی "بۆینگ 777" مەترسی تەقینەوەیان لەسەرە

فڕۆکەی بۆینگ 777ـی کۆمپانیای یونایتدی ئەمەریکی
فڕۆکەی بۆینگ 777ـی کۆمپانیای یونایتدی ئەمەریکی

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بە پشتبەستن بە هۆشداریی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ڕەنگە نزیکەی 300 فڕۆکەی جۆری بۆینگ 777 بە ئاسمانەوە بتەقنەوە بەهۆی کەموکووڕیی لە سیستەمی کارەبای نزیک لە تانکیی سووتەمەنی.

کێشەکەش ٍبریتییە لە تێکچوونی سیستەمی کارەبایی فڕۆکەی بۆینگ 777 کە ئەگەری هەیە تانکیی سووتەمەنی کە لە ناو باڵی فڕۆکەکاندان، ئاگر بگرن و بتەقنەوە.

بەپێی ئاگادارییەکی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی، ئەو کەموکوڕییانە لە 300 فڕۆکەی بۆینگدا هەیە، کە بەهۆی ئەو کەموکووڕییەوە مەترسییان لەسەرە، لەنێویاندا ئەو فڕۆکانەی کە هێڵی ئاسمانی یونایتد و ئەمەریکا ئێرڵاینز بەکاریان هێناوە.

ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی مەزەندە دەکات کە چاککردنەوەی ئەو کەموکووڕییانەی  292 فڕۆکەی بۆینگ 777، زیاتر لە 698 هەزار دۆلاری تێ بچێت، لەکاتێکدا بەهای بازاڕی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ئیدارەی ئەمەریکا لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا هۆشدارییەکی بڵاو کردەوە و داوای وەڵامدانەوەی لە کۆمپانیای بۆینگ کرد تا 9ـی ئایاری 2024، بەڵام دیار نییە کۆمپانیاکە ئەو کارەی کردووە یان نا.

لەم دواییانەدا چەندین ڕاپۆرت لەسەر کێشەی تەکنیکی فڕۆکەکانی بۆینگ بڵاو کراونەتەوە، لەوانە تێکچوونی کارکردنی فڕۆکەکەی سەرۆکی پۆڵەندا و دابەزینی پاڵەپەستۆ لە دەرگای فڕۆکەی بۆینگ 737 ماکس 9ـی هێڵی ئاسمانی ئەلاسکا.

سەرەتای مانگی ئایار، ئیدارەی فڕۆکەوانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دژی کۆمپانیای بۆینگ دەست پێ کرد، دوای ئەوەی کارمەندانی کۆمپانیاکە داتای پشکنینی فڕۆکەی بۆینگ 787 دریملاینەریان ساختە کردبوو.