دڵشاد شەهاب: تۆپەکە لە گۆڕەپانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەین

دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی داواکاریی لایەنە سیاسییەکان بە دەستەی دادوەری بداتەوە، بۆ ئەوەی دەستەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.

دڵشاد شه‌هاب، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان لە دوای بەشداریی لە پرسەی کۆچی دوایی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوەڵەکانی لە کونسوڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: بڕیارێک دەرچووە لە دەستەی دادوەری بۆ پێداچوونەوە بە کارە یاساییەکان و ئەو داواکارییەی لایەنە سیاسییەکان پێشکەشیان کردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بە پلانی کۆمیسیۆندا بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

گوتیشی: پێشبینی دەکرێت لەم ڕۆژانەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێداچوونەوە بە کار و پلانەکانیدا بکات، ئێمەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوەکانی کۆمیسیۆن دەکەین، چونکە کۆمیسیۆن تاوەکوو ئیستاش پابەندە بەو کات و وادەیەی بۆ دەست نیشان کراوە، ئەگەر نەتوانێت بە گوێرەی بڕیاری دەستەی دادوەری لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە پرۆسەکە بەڕێوەببات، دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە.

دەربارەی بڕیاری دادگا بۆ دانانی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم گوتی: ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ئەوە نەبووین پێکهاتەکانی کوردستان نەکرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی یان پرسێکی یاسایی، ئێستا پێکهاتەکان خۆیان دەبێت بڕیار لە سەر مافەکانیان بدەن، بەڵام بە حاڵەتێکی ئەرێنی دەبینین بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئەو بەشدارییە هەمە لایەنەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بمێنێت باشترە

لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم گوتی: بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی هەڵبژاردن کۆبوونەوە هەبووە و هەر کاتێکیش پێویست بکات کۆبوونەوی دیکە دەکرێت.

سەبارەت بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی، دڵشاد شەهاب گوتی: ئەجێندای سەردانەکەی دیار نییە، بەڵام سەردانێکی فەرمیی و دیداری تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا دەبێت و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.

پەرلەمانی عێراق دوێنێ چواشەممە لە کۆبوونەوەی ژمارەی 26ی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پرۆژە یاسای دووەم هەمواری یاسای ژمارە 31ی دەرچووی ساڵی 2019ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد و تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بۆ شەش مانگ درێژکردەوە کە

بەگوێرەی یاسا 7ی تەمموزی ئەمساڵ، تەمەنی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێ دەهات.