یەكەمین پێشانگەی دیجیتاڵ فۆتۆگرافی و ڤیدیۆگرافی لە هەولێر كرایەوە

K24 – هەولێر:

یەكەمین پێشانگای دیجیتاڵ فۆتۆگرافی و ڤیدیۆگرافی بە ناونیشانی "جیهان دەگەڕێین بەیەكەوە" بۆ هونەرمەندی فۆتۆگرافەر "دیاری بریندار" لە هەولێر كرایەوە.

لە پێشانگەكەدا، هونەرمەند چەندین تابلۆ و وێنەی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆی ناوازەی نمایش كرد، كە گوزارشت بوون لە سروشت و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی و جوانیی ناوچە و سروشتە دڵڕفێنەکانی کوردستان و سازگاریی ئاوی ڕووبار و زەریاچەکان.

هونەرمەند "دیاری بریندار" لە بارەی پێشانگە ڤیدیۆگرافی و فۆتۆگرافی و دیجیتاڵییەکەیەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەبەست لە کردنەوەی پێشانگەکەم گەڕانێکە بە نێو سروشتە جوانەکەی هەرێمی کوردستان و شوێنەوارە دێرینەکان و مێژووی ناوچەکان و لە چاوی کامێراکەمدا نیشانی بینەر و ئامادەبووان بدەم، کە گێڕانەوەی مێژووی چەند داستانێکن لە ئەوین و جوانیی و خۆشەویستی، بۆیه منیش وەک فۆتۆگرافەرێک، بەشێک لە دیمەنە ناوازەکانم تۆمارکردووه و ئێستاش بووەتە کەرەستەیەک لەم پێشانگە هونەرییەدا و وەک تابلۆیەکی جوڵاو نمایشم کردوون.

پێشانگەکە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەکاری و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر لە هۆڵی میدیا بە چاودێریی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان کرایەوە و بڕیاریشە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

ه
پ