نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێکی نێودەوڵەتیی بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی سریبرینیتسا دیاری ده‌كات

ئافره‌تێكی بۆسنی له‌ به‌رده‌م مۆنۆمێنتی كۆمه‌ڵكوژی سریبرینیتسا
ئافره‌تێكی بۆسنی له‌ به‌رده‌م مۆنۆمێنتی كۆمه‌ڵكوژی سریبرینیتسا

كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌نگ به‌ دیاریکردنی ڕۆژێکی نێودەوڵەتیی بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی سریبرینیتسا ده‌دات كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ له‌ لایه‌ن سربه‌كانی بۆسنه‌ و سێربیا دژایه‌تیی ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 23ـی ئایاری 2024) كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌نگی به‌ دیاریکردنی ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی سریبرینیتسا (Srebrenica massacre) دا.

پڕۆژه‌كه‌ کە لە لایەن ئەڵمانیا و ڕوواندا داڕێژراوە، 84 دەنگی بەڵێ و 19 دەنگی نەخێری به‌ ده‌ست هێنا و 68 وڵاتیش ده‌نگیان نه‌دا.

به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 11ـی ته‌ممووز ده‌بێته‌ "ڕۆژی نێودەوڵەتیی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ و یادکردنەوەی جینۆسایدی سریبرینیتسا لە ساڵی 1995."

کۆمەڵکوژی سریبرینیتسا ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ بوو كه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان 11 بۆ 22ـی ته‌ممووزی 1995 و له‌ میانی جه‌نگی بۆسنه‌ و هێرزۆگۆڤینا ڕووی دا و به‌ قێزه‌ونترین كۆمه‌ڵكوژی له‌ ئه‌ورووپا داده‌نرێت له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی.

ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ له‌ شاری سریبرینیتسا ڕووی دا و له‌ ئه‌نجامدا هه‌شت هه‌زار و 372 موسڵمانی بۆسنی كه‌ زۆربه‌یان پیاو و پیر و منداڵ بوون له‌ لایه‌ن یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای كۆماری سێربیا و به‌ فه‌رمانده‌یی ڕاتكۆ میلادیچ و به‌ به‌شداریی یه‌كه‌ی سه‌ربازی دووپشكه‌كانی سێربیا كۆمه‌ڵكوژ كران.

ڕۆژی (شه‌ممه‌ 27ـی كانوونی دووه‌می 2024) موسڵمانان و جووه‌كانی بۆسنه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕۆژی جیهانیی هۆلۆكۆستیان یاد كرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند، ئامانجیان له‌و به‌یه‌كه‌وه‌بوونه‌‌ بۆ نیشاندانی هاوسۆزیی و گفتوگۆی نێوان په‌یڕه‌وانی هه‌ردوو ئایینه‌كه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستە جه‌نگی غه‌ززه‌ له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و سوپای ئیسرائیل به‌ چڕی له‌ ئارادایه‌.

ڕێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌كه‌ له‌ شاری سریبرینیتسا بوو كه‌ له‌نێوان ساڵانی 1992 بۆ 1995 تێیدا گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژی له‌ دوای كۆمه‌ڵكوژی هۆلۆكۆست، له‌لایه‌ن سیربه‌كان دژ به‌ موسڵمانای شاره‌كه‌ کرا و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌شت موسڵمان كۆمه‌ڵكوژ كران.

یادكردنه‌وه‌كه‌ له ‌لایه‌ن ناوه‌ندیی پارێزگاریكردن له‌ یادكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی سریبرینیتسا ڕێكخرابوو. له‌و باره‌‌وه‌ حوسێن كاڤازۆڤیچ، سه‌رۆكی ڕه‌وه‌ندی ئیسلامیی له‌ بۆسنه‌ له‌ گوته‌یه‌دا ڕایگه‌یاند، ئامانج له‌ یادكردنه‌وه‌ی هۆلۆكۆست له‌ لایه‌ن موسڵمانانی كۆسۆڤۆوه‌ به‌ هاوبه‌شی جووه‌كان بۆ زیاتر هه‌ماهه‌نگی و ده‌ربڕینی هاوسۆزی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیانه‌ كه‌ هه‌ردوولا به‌هۆی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌ریان ڕووبه‌ڕووی سڕینه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و خاوه‌نی مێژوویه‌كی سه‌ختی هاوشێوه‌ی یه‌كدین و پێویست ده‌كات زیاتر پابه‌ندی ئاشتی بن.

مه‌ناحیم ڕۆنسافت، یه‌كێك له‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ هۆلۆكۆست ڕزگاری بووه‌ و به‌شداری له‌ یادكردنه‌وه‌كه‌دا كرد و پێشتریش له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا به‌شداری له‌ یادكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی دژ به‌ موسڵمانانی سریبرینیتسای كردبوو‌ و له‌ گوته‌یه‌كدا گوتبووی، موسڵمانان و جووه‌كان خاوه‌نی مێژوویه‌كی هاوبه‌شن كه‌ سته‌میان به‌رامبه‌ر كراوه‌ و هه‌وڵ دراوه‌ ناسنامه‌یان بسڕێته‌وه‌.

گوتیشی، موسڵمانانی بۆسنه‌ 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دراوسێ جووه‌كانیان له‌ جینۆسایدی هۆلۆكۆست ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و داڵده‌ی چه‌ندین هه‌زاریان داوه‌، بۆیه‌ جووه‌كانیش له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ بۆسنه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌زاران موسڵمانیان له‌ پای وه‌فاداریان پاراست و حه‌شاریان دان.