دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درایە بانکی TBI

وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئامێرێکی ئەی تی ئێم و لۆگۆکانی
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئامێرێکی ئەی تی ئێم و لۆگۆکانی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درایە بانکی عێراق بۆ بازرگانی (TBI).

ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی ئایاری 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من"، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لەگەڵ بانکی عێراقیی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاریی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەت زانیاریی سەبارەت (453) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ بانکەکە نارد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو "هەژماری من" بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەمە (16ـی ئایاری 2024)، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من"، یەکەمین لیستی فەرمانبەران کە لە زانیاریی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان پێک هاتبوو، درایە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI).