وەزارەتی پلاندانانی عێراق: نزیکەی 1500 پڕۆژە کارەکانیان پەکخراوە

پڕۆژە تەواونەکراوەکان ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقن، بە گوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق 1452 پڕۆژە کارەکانیان تەواونەکراون و پەکخراون. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، دۆسیەی پڕۆژە کەڵەکەبووەکان وەکوو میرات بۆ حکوومەت ماوەتەوە و پێویستە هەرچی زووە کۆتایی بەم پرسە بهێنرێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری زۆری پڕۆژە تەواونەکراوەکان بۆ نەبوونی چاودێری و گەندەڵی لە جێبەجێکردندیاندا دەگەڕێتەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە؛ زۆرینەی پڕۆژەکانی حکوومەتەکانی رابردوو سەدا 30 بۆ سەدا 35یان جێبەجێکراوە، بەشێکیان لە پێش 2014ەوە کارکردن تیاندا وەستاوە، ئەمە جگە لەوەی 1600 پڕۆژە پەکخراون و تەواونەکراون.

وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراقیش، لەبارەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانەوە دەڵێت، ژمارەی پڕۆژەکان لە 1452 پڕۆژە گەیشتووەتەوە 1000 پڕۆژە و پلان وایە دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان تاکوو ساڵی 2025 کۆتایییان پێ بهێنرێت و یەکلایی بکرێنەوە.

وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستووەتە روو، پڕۆژە تەواونەکراوەکان بوارەکانی، گواستنەوە و گەیاندن، کەرتی خانوبەرە، خزمەتگوازری گشتی، کشتوکاڵ و گەشەپێدان دەگرنەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی 10 ترلیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان خەرجکراوە، بەڵام بوودجەی پێویستی بۆ تەواوکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دوای وەستان زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە. جەختیش لەوە دەکاتەوە، بەشێک لە پڕۆژەکان بەهۆی کەمی رێژەی جێبەجێکردن هەڵدەوەشێنرێنەوە و بەشێکیشیان دەدرێنە کەرتی تایبەت.