گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە درۆن هێرشی کردە سەر بەندەری حەیفا

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەندەری حەیفایان لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی ڕایگەیاند، "چەکدارانی گرووپەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەندەری حەیفایان لە ئیسرائیل کردە ئامانج".

ئاماژە بەوەشدراوە، بە ئامانجگرتنەکە "وەک درێژەپێدەری کارەکانمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان لە غەززە و لە کاردانەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانەیە کە ئیسرائیل لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی کردووە، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچووانن، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین لە لەناوبردنی قەڵاکانی دوژمن".

ئەو گرووپە چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هێرشیان کردووەتە سەر بەندەر و شوێنە هەستیارەکانی ئیسرائیل، هەروەها چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستاش ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری نەوتی عەسقەلان لە ئیسرائیل.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.