سوننه‌كان موحسین مه‌نده‌لاوی به‌ پێشێلیی ده‌ستوور و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

په‌رله‌مانتارێكی سووننه‌كان هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر موحسین مه‌نده‌لاوی و به‌پێشێلكاریی ده‌ستوور و خراپ به‌كارهێنانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان تۆمه‌تباری ده‌كات.

محه‌مه‌د فازل دلێمی، په‌رله‌مانتاری سووننه‌كان ڕایگه‌یاندووه‌، موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ئه‌نقه‌ست نایه‌وێ پێكهاته‌ی سووننه‌ مافی خۆیان له‌وڵات وه‌ربگرنه‌وه‌.

دلێمی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، مه‌نده‌لاوی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا شكستی هێناوه‌ و له‌ ده‌ستوور و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی لای داوه‌ و به‌بێ هیچ بیانووێك پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سەر‌ۆكی نوێی په‌رله‌مانی په‌ك خستووه‌ و ئه‌و مافه‌ی له ‌پێكهاته‌ی سووننه‌ زه‌وت كردووه‌ و شكۆی په‌رله‌مانی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه.

هێزه‌ سووننه‌كان سه‌ره‌ڕای كێشه‌ نێوخۆییه‌كانیان، ره‌خنه‌ی توند له‌شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ ده‌گرن، ئه‌و هێزانه‌ پێیانوایه‌، سه‌رۆكی به‌وه‌كاله‌تی په‌رله‌مان پێشێلی ده‌ستوور و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كردووه‌و به‌بێ هیچ بیانوێك گه‌ڕی سێیه‌می ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی په‌كخست.

له‌باره‌ی ناكۆكی سووننه‌كان له‌لایه‌ك و به‌ڕێوه‌بردنی پۆسته‌كه‌ به‌وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن موحسین مه‌نده‌لاوییه‌وه‌، محه‌مه‌د فازل دلێمی، په‌رله‌مانتاری سووننه‌كان ڕایگه‌یاندووه‌، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ئه‌نقه‌ست نایه‌وێ پێكهاته‌ی سووننه‌ مافی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌، له‌ به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا شكستی هێناوه و نه‌یتوانیوه‌ هاوسه‌نگی ڕابگرێت‌، جگه‌ له‌مه‌ش ده‌ستوور، په‌یڕه‌وی ناوخۆ و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیش پشتگوێ خستووه‌، ناوبراو به‌بێ هیچ بیانوێك هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی بۆ كاتێكی نادیار په‌كخست.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سێ سیناریۆ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م سووننه‌كاندایه‌، له‌وانه‌ سووننه‌كان خۆیان ئه‌م كێشه‌یه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و كاندیدێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت، یاخود به‌ده‌نگدان له‌ په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ تائێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌. هه‌رچی سیناریۆی دووه‌مه‌، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ببردرێت.
هه‌رچی سیناریۆی سێیه‌مه‌، كشانه‌وه‌ی كاندیدێكه‌ له‌پێناو كاندیدی ركابه‌ر، یاخود كشانه‌وه‌ی هه‌ردوو كاندیده‌كه‌یه‌، ئه‌وكات په‌رله‌مان ناچار ده‌بێت په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌مواربكاته‌وه‌ و ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كه‌ی حه‌لبووسی بكرێته‌وه‌.

18ی ئەم مانگە، دوو گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆی دروسبتوونی ئاڵۆزییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ گه‌ڕی سێیه‌م و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، له‌هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌دا مه‌حمود مه‌شهه‌دانی كاندیدی پارتی تەقەدووم و سالم عیساوی له‌ ھاوپەیمانیی سەروەریی، ھیچکامیان نه‌یانتوانی ده‌نگی 166 په‌رله‌مانتار به‌ده‌ست بێنن، بۆیه‌ هه‌وڵدرا گه‌ڕی سێیه‌م به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن مه‌نده‌لاوییه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخرا