هەزار هەفتەیە دایکانی شەممێ داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەکەن
دایکانی شەممێ, جارێکی لە دیاربەکر و ئەستەنبۆڵ گردبوونەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارەکانیان لە حکوومەتی تورکیا دەکەن.
ئەرجان یڵماز، سەرۆکی لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە هەزارەهەمین هەفتەدا، هاووڵاتییان لە هەموو شوێنێکەوە هاتوون و هەموویان یەک داواکارییان هەیە، ئەویش ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارە دەستگیرکراو و ڕفێندراوەکانیانە و داوا دەکەن بەرپرسانی ئەو کەیسانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزا بدرێن.
گوتیشی: 30 ساڵە کەسوکاری دەستگیرکراوان و ڕفێندراوان لەگەڵ چالاکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی دەستگیرکراون دەکەن؛ ئەگەرچی چەندان جار لە میانەی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلامار دراون، بەڵام دایکانی شەمێ و کەسوکارەکانیان بەردەوام دەبن لە داواکارییەکانیان و هیچ توندوتیژیی و هەڕەشەیەک ساردیان ناکاتەوە تا ئەو کاتەی دەسەڵات بە فەرمی وەڵامیان دەداتەوە.
دایکانی شەممێ (دایکانی شەممە) کۆمەڵەیەکی مەدەنییە و هەموو ئەو دایکانە لەخۆ دەگرێت کە لە ساڵانی 1980 بۆ 1995 ڕۆڵەکانیان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی تورکیا، لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون یان ڕفێندراون، لە نێویاندا سەدان کەس تاوەکوو چارەنووسیان نادیارە و هیچ زانیارییەکیان لە بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە و سەرەتای چالاکیی ڕێکخراوەکەش بە دوو خێزانی قوربانییەکان دەستی پێ کرد.