داعش بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، پڕوپاگەندە و هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە

زیرەکیی دەستکرد
زیرەکیی دەستکرد

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریی لە بەردەوامیی مەترسییەکانی داعش داوە، ئێستا داعش بە شێوازی دیکە و بەپشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای سەردەم، پڕوپاگەندە و هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە.

دوای هێرشەکانی سەر شاری کرمانی ئێران و مۆسکۆی ڕووسیا، داعش ئێستا بە سوود وەرگرتن لە زیرەکیی دەستکرد، پڕوپاگەندە و هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لەبارەی ئەو هەواڵە ساختەیەی داعش بە سوود وەرگرتن لە زیرەکیی دەستکرد، لە دوای هێرشەکەی مۆسکۆ بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند، داعش بە زیرەکی دەستکرد بێژەرێکی هەواڵی دروست کردووە و لە ڤیدیۆیەکی 92 چرکەدا، دەڵێت، "هێرشەکەی مۆسکۆ تیرۆریستی نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی شەڕی لەگەڵ دەکەن".

واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم ڤیدیۆیانەی داعش بە شێوازێک دروست کراون، وەک ئەوەی لە هەواڵێکی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلجەزیرە بچێت.

ئامانجی ئەم کارەی داعشیش ئەوەیە، لە ڕووی تەکنەلۆجیای سەردەمەوە، تێڕوانینێکی گشتیی لەبارەی چالاکییەکانیان لە سەرانسەری جیهان بڵاو بکەنەوە.

ژیریی دەستکرد زۆر بە خێرایی لە سەرانسەری جیهان گەشەی سەندووە، وڵاتان هێواش هێواش بەرەو زیرەکیی دەستکرد هەنگاو دەنێن و لە بوارە جیاوازەکان سوودی لێ وەردەگرن، سەرەڕای ئەوەی چەندین سوودی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا زیانیشی هەیە:

- ساختەکاریی: بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، دەکرێت هەواڵ، وێنە و دەنگ و ڤیدیۆی ساختە دروست بکرێت و بڵاو بکرێتەوە.

- فێڵکردن: بە سوود وەرگرتن لە زیرەکیی دەستکرد، دەکرێت داتای دەستکرد دروست بکرێت و لە ڕووی داراییشەوە ساختەکاری بکرێت.

-  لایەنگری: زیرەکیی دەستکرد، زانیاریی لایەنگر دروست دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی نادادپەروەریی و جیاکاریی.