کەشناسی ورمێ هۆشداری دەداتە دانیشتووانی پارێزگاکە و دۆخی پرتەقاڵی ڕاگەیاند

دیمەنی باران لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنی باران لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

فەرمانگەی کەشناسی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا تاوەکوو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لێزمەبارانی بەهاری بەردەوام دەبێت و هۆشداریش دەداتە هاووڵاتییان و داوایان لێ دەکات ڕێنماییەکانی کەشناسی بە هەند وەربگرن.

یاسر ئەشتاد بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی ورمێ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین باران لە باکووری پارێزگای ورمێ باریوە و لە نێویاندا تەنیا لە ناوچەی ماکۆ 12 ملم باریوە.

هەروەها لە شارۆچکەکانی خویی هەشت ملم و چاڵدێران حەوت ملم باران باریوە و لە ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکە هەرچەندە بارانەکە سەرتاسەری بووە بەڵام بە بڕی کەمتر باریوە.

ئاماژەشی داوە، پێشبینی دەکەن سبەی یەکشەممە لە سەنتەری شاری ورمێ لەگەڵ لێزمە باران، هەورە بروسکە و لە چەند ناوچەیەکیش ئەگەری تەرزە باران هەیە. بەڵام بۆ دووشەممە کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە کەمتر ببێتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوە باران تاوەکوو چوارشەممە بەردەوام بێت.

ڕاشیگەیاند، پێچەوانەی کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی لێزمە باران، پێشبینی ڕەشەبایەکی بەهێز لە باشووری پارێزگای ورمێ دەکرێت، هەربۆیە داوای لە دانیشتووانی سنووری پارێزگاکە کردووە پابەندی ڕێنماییەکان بن چونکە دۆخی پرتەقاڵی بۆ سنوورەکە دیاری کراوە، بەهۆکاری ئەوەی پێشبینی هەستانی لافاو زیادبوونی ئاوی ڕووبارەکان دەکرێت بۆیە باشتر وایە هاووڵاتییان تاوەکوو کۆتایی هاتنی شەپۆلەکە لە ڕووبارەکان نزیک نەبنەوە.