هێمن باجەلان: لە عێراق بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ بووەتە دیاردە

هێمن باجەلان، ئەندامی پێشووی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق
هێمن باجەلان، ئەندامی پێشووی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، دەڵێت: هەندێک گرووپی مافیا لە عێراق پەیدابوونە لە ڕێگەی ڕفاندنی مرۆڤەوە بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستەیان دەکەن. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە عێراقدا دروست بووە وای کردووە گرووپەکان ژمارەیان زیاد بێت.

هێمن باجەلان، ئەندامی پێشووی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دیاردەی بازرگانی بە مرۆڤ لە عێراقدا زۆر بووە، ئەویش زۆرینەی جار ئەو کارەکەر و کرێکارانەی لە وڵاتانی دیکەوە دێنە عێراق تووشی چەندەها حاڵەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی و چەوساندنەوە دەبنەوە.

ناوبراو راشیگەیاند، هەندێک گرووپی مافیا لە عێراق پەیدابوونە لە رێگەی ڕفاندنی مرۆڤەوە بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستەیان دەکەن، ئەوەش جێگەی مەترسییە، هۆکاری سەرەکی ئەو کارەش دەگەڕێتەوە بۆ هەژاریی و بێ کاریی کە ڕووبەڕووی هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق بووەتەوە.

ئەو ئەندامەی پێشووی کۆمیسیۆنی مەفەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئاماژەی  بەوەدا، هەبوونی ئاوارەکان لە عێراق کە زۆرینەیان هەژارن دەکەونە ژێر دەستی گرووپە مافیاکان و بازرگانی بە جەستەیانەوە دەکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە دروست بووە لە عێراقدا وای کردووە گرووپەکان ژمارەیان زیاد بێت.

لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بنبڕکردنی بازرگانییەکە، هێمن باجەلان، گوتی: حکوومەت ڕاستە هەندێک جار دەسگیرکردنی چەند گرووپێک تایبەت بەو کارە ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئەو گرووپانە ژمارەیان زۆرە و بە دەستگیرکردنی هەندێکیان کارەکانیان ناوەستێت.

دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراقدا تادێت زیاتر پەرە دەسێنێت، بابلیش یەکێکە لەو پارێزگایانەی  ئەو دیاردەیەی تێیدا بڵاوبووەتەوە، چاودێرێکیش لە پارێزگاکە، رێژەی بەرزی هەژاری و بوونی هەزاران ئاوارە لە خاکی عێراق بە دوو هۆکاری سەرەکی زیادبوونی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە.

عەبدولحەسەن خەفاجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بابل، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و ئاماری وردی تیمەکانی چاودێریکردنەوە، لە ماوەی ساڵانی 2021 و 22 و 23ـێدا 10 حاڵەت تۆمارکراون، دوا ئامارەکانیش لە ساڵی 2023ـێدا 4 حاڵەت بوون، یاسای ژمارە 28ـی ساڵی 2012 سزای ئەم تاوانانەی ڕێکخستووە، بێگومان یاساکەش تێکەڵەیەکی لە یاسای سزادان، چاودێری نەوجەوانان، یاسای سواڵکردن و یاسای لەشفرۆشی، سزاکانیش دەگەنە لەسێدارەدان ئەگەر بێت و ببێتە هۆی مردنی قوربانییەکە.

دوایین تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە لە بابل تۆمارکرابێت، دەستگیرکردنی دایک و خوشکێک بوو کاتێک دایکەکە هەوڵیدەدا کچەکەی بە  2300 دۆلار بفرۆشێت، چاودێران دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە مەترسیدار وەسف دەکەن و هۆکارەکەشی بۆ زۆریی رێژەی هەژاری خێزانە عێراقییەکان دەگەڕێننەوە.

فازڵ عەلی، چاودێر، بۆ کوردستان24 گوتی: داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەدواداچوونی زیاتر بکەن و ئەو تاوانبارانە دەستگیربکەن کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو شێوازانەی کە بەکاردەهێنرێن یان ئەو هۆکارانەی وادەکەن ئەو دیاردەیە پەرەبسێنێت، یەکەمیان هەژاری و دووەمیان بوونی هەزاران ئاوارەیە لە عێراقدا، بۆیە پێویستە دەوڵەت ئەو کێشانە لەبەرچاو بگرێت، دەبێت ئەوەش بزانین ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بۆ پاڵنەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە.

لای خۆیەوە ئەرکان حەمدانی، شارەزای یاسایی، دەڵێت: دەسەڵاتی یاسادانانی عێراقیی دوو یاسای بۆ سزای تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە داناوە، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە ژمارە 28ـی ساڵی 2012ـیە، سزاکانیشی لە ماددەی پێنجەوە دەست پێدەکات و بە ماددەی 9 کۆتایی دێت، کە لە ماددەی هەشتدا سزاکە دەگاتە لەسێدارەدان، یاسایەکی دیکە، یاسای چاندن و بازرگانینەکردنە بە ئەندامەکانی مرۆڤ، ژمارە 11ـی ساڵی 2016، هەروەها ماددەی 17 تا مادەی 22 سزاکانی لەنێوان زیندانیکردن یان پێبژاردنە، بە گشتی سواڵکردن لە عێراق ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بڵاوبوونەوەی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.