بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەکرێتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بـەوە کرد، کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-05-2024، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەکرێتەوە.

حوسێن بن علی ئەلفەزالە، وەکوو کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەستنیشان کراوە. لە ڕۆژی هەینییەوە، 24-05-2024، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تەکە بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتییان لە شاری هەولێر، لە هەرێمی کوردستانە و دوێنێ شەممە، 25-05-2024، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و قەتەر لە کۆبوونەوەکانیاندا چەندین جار جەختیان لە گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دەوحە لە بوارەکانی گەشتیاری و ئابووری و ئاوەدانیدا کردووەتەوە.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق: کردنەوەی کونسوڵخانەکە سوودی زۆری دەبێت

لەبارەی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان زۆر سوود لە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەبینێت و، وەکو خۆی گوتی، کردنەوەی کونسوڵخانەکە "مایەی پیرۆزبایی کردن و دڵخۆشییە".

قەتەر و هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی پێ دا، "دەتوانن باشترین پەیوەندیی دروست بکەن و ئەو پەیوەندییانە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدان".

عومەر بەرزنجی بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو، لە 2019 تاوەکوو 2022 باڵیۆزی عێراق بوو لە قەتەر. وەکو خۆی دەڵێت، لەو ماوەیەی لە دەوحە بووە، پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش چوون و پەرەیان سەندووە.