بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر: مژدەی خۆش بۆ جووتیاران بەڕێوەیە

kurdistan24.net

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەڵێت، "مژدەی خۆش و گونجاو" بەڕێوەیە. ئاماژە بەوەش دەدات، هۆی بەشێکی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەکان، "کەمئەزموونیی جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان" بووە.

ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر

دوای دووبارە بوونەوەی ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دەغڵ و دانی جووتیاران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ئه‌مساڵی جووتیاران چه‌ند ڕێنماییه‌كی بڵاو کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا ده‌كات ئامێری ئاگركوژێنه‌وه‌ی "سی ئۆ تۆ" له‌ناو ده‌ڕاسه‌كاندا هه‌بێت و ڕێگه‌ی تخوبی نێوان زه‌وییه‌كان ئاسانكاریی بۆ بكرێت تاوه‌كو تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی له ‌كاتی پێویستدا بتوانن بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست.

هۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەتنەوە لە زەوییەکان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-05-2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بەشێک لە هۆیەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵ و دانی جووتیاران، سرووشتی بوون، واتە لە کەمتەرخەمیی جووتیاران نەبووە".

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی دیکەی هۆیەکانی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە "کەمئەزموونیی خاوەن دەڕاسە و جووتیارەکان بووە".

بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕوونیشی کردەوە، "کاتێک دەڕاسە کێڵگەیەک دروێنە دەکات، لەوانەیە بەردێک یان ستوونێک ببێتە هۆی شکانی پارچەیەکی دەڕاسەکە؛ زۆر جاریش خاوەن دەڕاسەکان هەر لە نێو کێڵگەکاندا، چاکی دەکەنەوە، ئەمەش زۆر جار بووەتە هۆی ئەوەی ئاگر لە کێڵگەکە بکەوێتەوە".

بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، "ئێستا بەشی زۆری زەوییەکان بەراون، ئەوەش  پێویستی بە کارەبا هەیە، بۆیە پێویستە جووتیارەکان یان خاوەن دەڕاسەکان بە هەستیارییەوە بڕواننە سەرچاوەی هێڵی کارەبا کە زۆر جار دەبێتە هۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە".

وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش، هێمن سەید موراد گوتی، "مژدەی گونجاو و خۆش بۆ جووتیاران لە ڕێگەیە و بەم نزیکانە ڕادەگەیەندرێت. دوای ڕاگەیاندنی مژدەکە، بەزووترین کات دەرگای سایلۆکان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین بەرهەمی گەنم وەربگرین و مافی هیچ جووتیارێک نەخۆرێت".

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆییەوە لە جووتیاران کڕدرا.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. حکوومەتی عێراقیش بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 23-05-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو پێشنیازی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراقیان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردووەتەوە. وەکو خۆی گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیازی کردبوو 576 هەزار تۆن و وەزارەتی بازرگانییش پێشنیازی کردبوو 605 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام هەردوو پێشنیازەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، "بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فوئاد حوسێنەوە نووسراوێکی بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. وەڵامەکەی سوودانی ئەرێنی بووە و نووسراوێکی بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکە ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵی کردووە. پێویستە جووتیارانمان گەشبین بن لەم ڕۆژانەدا بڕێکی زۆر باشی گەنمەکەیان وەردەگیرێت بە شێوەیەک زیاتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو".