سبەی یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەوێت

بۆ ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار 600 هاووڵاتیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە، کە زۆرینەیان بە فڕۆکە گەشت دەکەن و سبەی دووشەممەش یەکەم گەشت لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە دەفڕیت و بۆ یەکەم جاریشە لە سعوودیە بە تابلۆی کوردی پێشوازیی لە زیارەتکاران دەکرێت.

ڕۆژگار جەعفەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەمساڵ لە میانی بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: سبەی 27ی ئایاری 2024 یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەون و پرۆسەکەش تاوەکوو چواری حوزەیران بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی نزیکەی 3053 کەس.

گوتیشی: بۆ ئەمساڵ تەنیا یەک کاروان لە هەرێمی کوردستانەوە بە ڕێگەی وشکانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە کە ژمارەیان هەزار 620 زیارەتکارە و ئەوانیش لە هەولێر و سلێمانی کاتژمێر هەشتی بەرەبەیانی 29ی ئەم مانگە بەڕێ دەکەون و شەوێک لە کەربەلا دەمێننەوە و بۆ 31ی ئایار دەگەنە شاری مەدینە.

هەر بە گوتەی ڕۆژگار جەعفەر ئەمساڵ لە ناو خاکی سعوودییە بۆ یەکەمجارە بە تابلۆی زمانی کوردی پێشوازیی لە زیارەتکارانی کورد دەکرێت.

سەبارەت بە پشتیوانیی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەمساڵ گوتی: نزیکەی سێ ملیار دیناری بۆ زیارەتکارانی حەجی ئەمساڵ تەرخان کراوە بۆ ئەوەی هاوتای زیارەتکارانی عێراق بکرێت، لە سعوودیەش تیمەکانی وەزارەتی ئەوقاف لە پێشوازی و ئامادەکاریی تەواودان بۆ ئەوەی باشترین خزمەت پێشکەشی زیارەتکاران بکەن.

لە بارەی پرسی ڤیزا بۆ زیارەتکاران، ڕۆژگار جەعفەر ڕایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بەرپرسیارێتییەکی ڤیزای بازرگانی هەڵناگرێت و تەنیا بەرپرسیارێتی ئەو زیارەتکارانە دەگرێتە ئەستۆ کە ساڵانە بە گوێرەی ڕیکار و مامەڵە فەرمییانەی لە ڕێگە وەزارەتی ئەوقاف ناوەکانیان دەردەچێت.

گوتیشی: زیاتر لە 10 کۆمپانیا ئەرکی گواستنەوەی حاجیانیان لە ئەستۆیە، هەر هاووڵاتییەکی زیارەتکار گلەیی و گازندەی هەبوو، دەتوانێت هەر لە سعوودیە سکاڵاکەی لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی تەوقاف تۆمار بکەن و وەزارەتی ئەوقافیش ڕێکار بەرانبەر بە سەرپێچیی کۆمپانیاکان دەگرێتەبەر.