هەولێر میوانداریی کۆڕبەندی ئابووریی قەتەر و هەرێمی کوردستان دەکات

ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر
ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر

محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: مانگی نۆی ئەمساڵ، کۆڕبەندی ئابووری قەتەر – هەرێمی کوردستان بە بەشداری بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەدوولا بەڕێوە دەچێت.

گوتیشی: کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری دەبێت بەتایبەت لە لایەنی ئابوورییەوە، چونکە دەوڵەتی قەتەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵێکی کارای لە بەرهەمهێناندا هەیە. سەبارەت وەبەرهێنانی قەتەر لە هەرێمی کوردستان، هەردوو لایەن دەمانەوێت لە توانا و زەمینە سازییەکانی وەبەرهێناندا سوود لە یەکتری وەربگرین.

هەروەها ئاماژەیدا، سەرەتا لە داڤۆس، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر یەکتریان بینی و هەر لەوێ بڕیاریان دا کۆڕبەندێکی ئابووریی لە نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر بکرێت، ئێستاش سەرقاڵی خشتەیەکی کاتین بۆ سازکردنی ئەو کۆڕبەندە ئابووریە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی قەتەر و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەولێر بە بەشداریی بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەردوولا بەڕێوە بچیت.

محەممەد شوکری دەڵێ: لەو کۆڕبەندە ئابوورییەدا چەندین دەرفەتی وەبەرهێنان دەخرێنە ڕوو کە بوارەکانی پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی، تەندروستی، کشتوکاڵی و پەروەردەیی لە خۆ دەگرێت.

گوتیشی: لە ئێستاوە کار لە سەر ئامادەکردنی چەندین پرۆژە دەکەین بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت و پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەبێ بەربەست و بە خێرایی جێبەجێ بکرێن. هەروەها سەرۆکوەزیرانیش جەختی لەسەر کرانەوەی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لەبەردەم وەبەرهێنەرانی قەتەر بۆ ئەوەی بێن و پرۆژەکانیان جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەشەوە قەتەریش دەتوانێت سوود لە دەستی کاری هەرێمی کوردستان وەبگرێت.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی كونسوڵخانه‌ی گشتیی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر کرایەوە و لە ڕێوڕەسمەکە‌دا دكتۆر ئه‌حمه‌د حه‌مادی ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر و دیپلۆماتكارانی وڵاتان ئامادەبوون و حسێن بن عەلی فەزالە، بە کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەستنیشان کرایەوە.