سەعید جەلیلی نوێنەری ڕێبەری ئێران خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئێران کاندیدا دەکات

سەعید جەلیلی، نوێنەری ڕێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
سەعید جەلیلی، نوێنەری ڕێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

مێدیاکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بڵاویان کردەوە، سەعید جەلیلی، نوێنەری ڕێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەنیازە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کاندیدا بکات، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

ئاژانسی "فارس"ـی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، جەلیلی، ئەو چوار نوێنەرەی شاری مەشهەد، نەسروڵڵا پژمان فەر، مەیسەم زهوریان، حەسەن ئەخلاقی ئەمیری و عەلی ئەسغەر نەخای ڕاد ی ئاگەدار کردووەتەوە لەوەی بە جیددی بە نیازە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کاندیدا بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو چوار نوێنەرە چوونەتە ئۆفیسی جەلیلی، نوێنەری خامنەیی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بانگهێشتیان کردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی 28ـی حوزەیران.

بەم شێوەیە جەلیلی دەبێتە یەکەم کاندید لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆکی کۆچکردوو ئیبراهیم ڕەئیسی، کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەوە گیانی سپارد.

وەزیری دەرەوەی ئێستای ئێران بە وەکالەت، عەلی باقری کەنی، بە هاوکارێکی نزیکی جەلیلی دادەنرێت و لە لیستی نەیارانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەژمار دەکرێت. جەلیلی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتیدا کاندید بوو و بەشداری دیبەیتەکانی تەلەفزیۆنی دەکرد، بەڵام لە بەرژەوەندیی ڕەئیسی کشایەوە.

پەرلەمانی ئێران

ئەمرۆ دووشەممە، 27-5-2024، پەرلەمانی نوێی ئێران دەست بە کارەکانی خولی دوانزەهەم دەکات، ئەمەش هەفتەیەک دوای گیان سپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حەوت هاوەڵەکەی دێت.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ئەندامانی ڕەوتی پارێزگاران، دەستیان بە کارەکانیان کرد، مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، 178 نوێنەری ڕەوتەکە کۆبوونەوەیەکی بەرایییان کردووە و دەنگیان دا بە پیاوە ئایینییەکەیان، موسا غەزانفەر ئابادی دا وەک سەرۆکی ڕەوتەکە، دوای ئەوەی شکستی بە مەحمود نەبەویان هێنا.

محەمەد ساڵح جۆکار، جێگری سەرۆکی ڕەوتەکە ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک دەکەن بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی کۆتایی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

دانیشتنی کردنەوەی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی دەستەیەکی سەرۆکایەتیی کە لە چوار نوێنەر پێک هاتووە، لەنێویاندا عەلائەدین بۆروجردی تەمەن 73 ساڵ، حوسێن عەلی شەهریاری تەمەن 72 ساڵ و عەبدول حوسێن هیمەتی تەمەن 34 ساڵ و عەباس قەدرەتی 34 ساڵ.

بۆروجردی تەمەن 73 ساڵ، گەڕایەوە پەرلەمان، دوای ئەوەی ڕەتکرایەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی ئێران بکات، کە بۆ ماوەی پێنج خولی یەک لە دوای یەک ئەندام پەرلەمان بووە، هەروەها سەرۆکایەتیی لیژنەی ئاسایشیی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە بووە.

لە سەرەتای مانگی ئاداردا، ڕەوتی پارێزگاران، 290 کورسیی پەرلەمانی ئێرانی بەدەست هێنا، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاریی لە دەستوور، دەستەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان، زۆرینەی کاندیدەکانی ڕیفۆرمخواز و میانڕەویەکانیان کاندیدانی سەربەخۆ دوور خستەوە.

هەڵبژاردنەکە بە دوو خول بەڕێوە چوو، لە خولی یەکەمدا 145 کاندید توانییان دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و سەرکەون بۆ پەرلەمان، هەروەها خولی یەکلاکەرەوە کە لە 10 ئایار بۆ یەکلایکردنەوەی 45 کورسی لە 22 ناوچەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، کە ڕێژەی بەشداریکردن لە تاران سەدا 7 بوو.

لە هەڵبژاردنەکەدا 197 نوێنەری ڕەوتی پارێزگاران هەڵبژێردران، لەگەڵ 48 نوێنەری ڕەوتی چاکسازیخوازان و 40 نوێنەری سەربەخۆش سەرکەوتن، جگە لە هەڵبژاردنی پێنج نوێنەری کەمە ئایینیەکان.

محەممەد گوڵپایگانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێبەری ئێران، لە دانیشتنی دەستپێکی نوێنەران، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای قەزایی، غوڵام حوسێن موحسینی، سەرۆکی دەزگای قەزایی و فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان، پەیامی عەلی خامنەیی بۆ نوێنەران دەخوێنێتەوە.

ڕێکخسینەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی پارێزگاریی لە دەستوور، کە ئەرکی جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکانیان لە ئەستۆیە، درەنگانی ڕۆژی شەممە، لەگەڵ محەمەد موخبیر، سەرۆکی کاتی وڵات و غولام حوسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، کۆبوونەونەوە، بۆ تاوتوێکردنی دوایین ڕێکخستنەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران.

محەممەد دەهقان، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی، گوتی: پارێزەرانی دەستوور و وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە ڕۆڵی چاودێری و جێبەجێکارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان پێشکەش کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری کراوە، بەو مەرجەی کاندیدەکان دەبێت تەمەنیان لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت و زۆرترینیشی 75 ساڵ بێت، هەروەها کاندیدەکان دەبێت هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بن و ئەزموونیان لە 4 ساڵ کەمتر نەبێت لە وەرگرتنی ئەو پۆستانە یان بەرپرسیارێتیانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە دیاریکراون، کە تاوتوێی داواکارییەکانی کاندیدکردن دەکات و سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکات.

لە مەرجە بنچینەییەکانیشدا دەبێت کاندید "باوەڕێکی پتەوی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و عەقیدەی فەرمی "شیعەی دوازدە ئیمامی" هەیە.

دووشەممەی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بە پشتبەستن بە مادەی 131ی دەستووری ئێران دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری پێشووی گواستەوە بۆ جێگری سەرۆککۆماری ئێران، کە محەممەد موخبیر بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵات دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەن ئاگادار دەکاتەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی. بەگوێرەی دەستووریش دەبێت بە فەرمی لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بکرێت.

بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە کاتژمێر 8ـی بەیانی بەکاتی ناوخۆی ئێران، دەست بە وەرگرتنی داواکاری کاندیدەکان بکات، بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە 12ـی حوزەیران دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و لە 26ـی حوزەیران کۆتایی دێت، هەروەها پرۆسەی دەنگدانیش لە 28ـی حوزەیران بەڕێوەدەچێت.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.