پشتیوان سادق بۆ حاجییان: داواتان لێ دەکەم دووعای خێرمان بۆ بکەن

ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودیە - فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودیە - فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن و لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی حاجییان، وەزیری ئەوقاف داوای پابەندبوون و دوعای خێری لە حاجییان کرد.

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە کاتی بەڕێکردنی یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو سعوودیە گوتی: شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەر لە سەرۆکی شاندەکەوە تاوەکوو تەواوی ئەندامانی شاندەکە وەک ئەرکێکی ئایینی، یاسایی و ئیداری لە خزمەتی زیارەتکارانی حەج دەبن.

گوتیشی: داواکارم حاجیانی کوردستان پابەندی ڕێکار و ڕینماییەکانی شاندی باڵای وەزارەتی ئەوقاف بن بۆ حەج، چونکە شاندەکە بۆ هاوکاریی و ئاسانکاریی بۆ حاجیانی کوردستان هەرچییەکیان لە توانادا بێت درێغیی ناکەن، بەڵام پێویستە حاجیانیش ئارامگر و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت.

ڕاشیگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران بڕی سێ ملیار دیناری خستووەتە سەر تێچووی پرۆسەکە بۆ ئەوەی پشتیوانیی و هاوکاری حاجییانی کوردستان بکەن.

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف ئاماژەی دا، هەر ئەمڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرە سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەڕێ کەوتوون و گوتیشی "داواتان لێ دەکەم دووعای خێرمان بۆ بکەن"

بۆ ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار 600 هاووڵاتیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە، کە زۆرینەیان بە فڕۆکە گەشت دەکەن و بڕیار 29ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییانی کە تاکە کاروانە لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون و لەوێ بە تابلۆی کوردی پێشوازییان لێدەکرێت.

هەروەها بڕیارە پرۆسەی چوونی حاجیانی کوردستان تاوەکوو چواری حوزەیرانی داهاتوو لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەردەوام دەبێت کە ژمارەیان 3053 حاجییە.