سوپای ئیسرائیل دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق "بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شوێنە سەربازییەکانی شاری ئیلاتمان کردە ئامانج"

سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڕێگری لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە و لە ڕێگادا بوون بۆ شاری ئیلاتی کەنار دەریا، هاوکات گروپێکی عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند،  "دوای چالاک بوونی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەی ئیلات، فڕۆکەیەکی جەنگی لەگەڵ چەکدارانی بەرگری ئاسمانی، سەرکەوتوو بوون لە ڕێگریکردن لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ڕێگاوەبوون بەرەو شاری ئیلات، بۆیە هیچ  زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو". ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتڕاستی دەکەینەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نەچوونەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری شاری ئیلات و دەوروبەریدا لێدرا، بە گومانی دزەکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان".

 لە بەرامبەردا گرووپەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە گرتە ئەستۆ کە شاری ئیلاتی کردبووە ئامانج.

 مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ڕۆژی دووشەممە، بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئامانجە سەربازییەکانی شاری ئیلات "ئوم ئەلرەشراش"مان کردە ئامانج، دەشڵێن: "بەردەوام دەبین لە وێرانکردنی مۆڵگەکانی دوژمن".

گرووپە عێراقییەکان پێشتر بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکییەکان لە گرتبووە ئەستۆ، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 130 بارمتە ئازاد کراون، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە چڕئی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 36 هەزار کەس کوژراون کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.