چەکدارانی دەمامکدار لە بەغدا پەلاماری چەند خواردنگەیەکی بیانی دەدەن

لە 48  چەکدارانی نەناسراو پەلاماری سێ خواردنگەی بەناوبانگی ئەمەریکییاندا کە لقی سەرەکیان لەبەغدایە، جیا لە هەڵدانی بۆمبی دەنگی بۆ نێو خواردنگەکان، هەڕەشەی کوشتینشیان لە خاوەنی خواردنگەکان کردووە ئەگەر شوێنەکانیان دانەخەن.

لەبارەی ڕووداوەکەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە و لەهەوڵیشدان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی ئەو کەسانەی لەو هێرشانە تێوەگلاون.

دووان لە خواردنگە ئەمەریکیانەی پەلاماردراون دەکەونە شەقامەکانی فەڵەستین و کەڕادە لە سەنتەری بەغدا، لە ئەو پەلاماردانە و هەڕەشەکان، ئێستا لقی خواردنگە ئەمەریکییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئۆپراسیۆنەکانی بەغداوە پاسەوانی دەکرێن.

شایەتحاڵێک قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت " کاتژمێر یەکی شەو ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار بەدار و ئاسن پەلاماری خواردنگەکەیاندا و شووشە و دەرگای خواردنگەکەیان شکاندووە و پاشان بە تۆتۆمبێلە جام ڕەش و بێ تابلۆکانیان هەڵهاتن.

وەزیری ناوخۆی عیراق سەردانی شوێنەکەی کرد و ڕایانگەیاند، ژمارەیەک کەسیان بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر ئەو خواردنگانە دەستگیرکردووە بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان، لەگەڵ سزادانی ئەو هێزە ئەمنییانەی کەمتەرخەمبوونە لە نێویاندا لە کارلادانی بەرپرسی پاراستنی ئەو شوێنە و زیندانیکردنی هێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن و پۆلیسی فیدراڵی و هەواڵگری بۆ ماوەی مانگێک.

لەلایەن خۆیەوە میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدراڵ بۆ کوردستان24 گوتی: لە بەری ڕەسافەی بەغدا سێ خواردنگە هێرشیان کراوەتە سەر و هێرشەکان سووک بوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان زوو گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ژماریەک گومانلێکراویش دەستگیرکراون، ژمارەیەک داواکراوی دیکەش هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵە خواردنگەکان کراونەتەوە.

گرووپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردوەتەوە، هێرشی سەر ئەم خواردنگە ئەمریکیانە لەوەڵامی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر شاری ڕەفەح لە فەلەستین کەتێیدا ژمارەیەک هاووڵاتیی کوژران و برینداربوون.

پێشتر هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی هێرشی درۆنیی و مووشەکەوە بوو بۆ سەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکان لە ناو خاکی عێراق و سووریا، بەڵام هەڕەشە و پەلاماردانەکانی ئەمجارە بۆ خواردنگەکان گۆڕاوە و ئەگەر هەیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا نا چار بێت گەشتی هاووڵاتییانی بۆ عێراق بە تەواوی قەدەغە بکات.