پاکستان.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا زیاتر لە 50 کەس بوونە قوربانی

وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە

پاسێکی نەفەرهەڵگر لە پاکستان کەوتە ناو دۆڵێکەوە لەسەر ڕێگایەکی شاخاوی لە پارێزگای بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان بەهۆیەوە لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕووداوەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شارۆچکەی بەسیمەی سەر بە پارێزگای بەلوچستان ڕوویداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە پاسەکە لە شاری تورباتەوە بەرەو کوێتا ڕۆیشتووە.

ئیسماعیل مەنجال بەرپرسێکی حکوومەتی خۆجێیی گوتی: "شۆفێرەکە لەکاتی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەیەکی شاخاوی کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتۆتە ناو دۆڵێکەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان سپارد و زیاتر لە 25 کەسی دیکەش برینداربوون کە شۆفێرەکەش لەناو بریندارەکاندایە".

ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستاش بەدواداچوون بۆ هۆکاری ڕووداوەکە دەکەین، ئەگەری ئەوە هەیە شۆفێرەکە خەوی لێکەوتبێت یان بەخێرایی لێی خوڕیبێت، ئەمەش بووەتە هۆی ڕووداوەکە.

نوروڵڵا، سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەی شارستانی بەسما، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، 27 تەرم بۆ نەخۆشخانەکە گواستراوەتەوە کە سێ ئافرەت و دوو منداڵیان تێدایە.

ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە پاکستان زۆرن کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر دەمرن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ڕێکارەکانی سەلامەتی و ژێرخانی گواستنەوەش وێران بووە.

لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا بۆ مەزارگەیەک لە ناحیەی هوب لە بەلوچستان لانیکەم 17 کەس گیانیان سپارد و 41 کەسی دیکەش برینداربوون.