نەتەوە یەکگرتووەکان: شاری ڕەفەح چیتر پەناگەیەکی پارێزراو نییە

ئاوارەبوونی خەڵکی غەززە شاری ڕەفەح - وێنە: AP
ئاوارەبوونی خەڵکی غەززە شاری ڕەفەح - وێنە: AP

سوپای ئیسرائیل بە درێژایی سنووری غەززە و میسر هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و ئەمەریکا ترسی هەیە سوپای ئیسرائیل ئاراستەی هێرشەکەی بۆ سەنتەری شاری ڕەفەح بگۆڕێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داواکارە سنوورەکان لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان واڵا بکرێن.

سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر شاری رەفەحی سنووریی چڕکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکانی سنووردارە و لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح بە درێژایی سنووری کەرتی غەززە و میسر دەبێت، ئامانجیشی گەمارۆدانی شاری ڕەفەحە بە تەواوی.

هەروەها ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن لەوەی ئیسرائیل لە قۆناغی دوای ئۆپراسیۆنی ناوچە سنوورییەکان، ئاراستەی هێرشەکەی بەرەو سەنتەری شاری ڕەفەح بگۆڕێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی تیمە تەندروستییەکان، ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای ڕەفەح چڕ کردووەتەوە و تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 37 کەسی مەدەنی کوشتووە، هەروەها یەکشەممە بەهۆی بۆمببارانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە لە کەمێکی ئاوارەکاندا 45 کەسی سڤیل کوژرا، ئەمەش نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە و هۆشداری لە پێشڕەوی سەبازانی ئیسرائیل بۆ نێوجەرگەی ڕەفەح دەدەن و ترس هەیە لەوەی کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕووبدات.

لەلایەکی دیکەوە سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن "پێویستە سوپای هێرش بکاتە ناو ڕەفەح بۆ لەبەر یەکهەڵوەشاندنەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ڕزگارکردنی ئەو بارمتەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو".

نزیکبوونەوەی شەڕ لە سەنتەری شاری ڕەفەح بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە ماوەی ڕابردوو ڕوویان لەو شار کردبووە، بەڵام ئێستا بێ دەرەتان بوون و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چیتر کەمپی ئاوارەکانی ڕەفەح بۆ مانەوەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە شوێنی پارێزراو نین، ئێستا نەک هەر ئاوارەکان، بەڵکو دانیشتوانی ڕەسەنی ڕەفەحیش بە دوای شوێنی پارێزراو دەگەڕێن، چونکە ڕەفەح بۆ مانەوە پارێزراو نییە و ئاو و خۆراک و پێویستییە ەرەتاییەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانەی لێ پەیدا نابێت و 2.3 ملیۆن فەڵەستینی پێویستیان بە خۆراکی بە پەلە و هاوکاری تەندروستی هەیە.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پابەندبوون لە ئیسرائیل دەکات بە بڕیارەکانی ئەنجوومەکە بۆ کردنەوەی خاڵە سنورییەکان و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە.