سه‌در: دیموكراسی و به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بانێك و دوو هه‌وایه‌

موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌
موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌

سه‌رۆكی ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دیموكراسی و به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بانێك و دوو هه‌وایه‌؛ ده‌شڵێت له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ی دیموكراسی ده‌كات، پشتیوانیی "كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی زایۆنیزم" ده‌كات له‌ غه‌ززه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 29ـی ئایاری 2024) موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی "زایۆنیزم" له‌ ڕه‌فه‌ح به‌رانبه‌ر به‌ هاووڵاتییانی بێتاوان ده‌یكات، تاوانێكه‌ گه‌وره‌ی دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ و پێشێلكردنی ئاشكرای بڕیاره‌كانی دادگه‌ی دادیی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

سه‌رۆكی ڕه‌وتی نیشتمانی شیعه‌، هه‌روه‌ها جارێكی دیكه‌ هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، سیاسه‌ت و دیموكراسی و به‌ڵێنه‌كانی بانێكه‌ و دوو هه‌وایه‌ و كه‌ باس له‌ دیموكراسی ده‌كات، له‌ ژێره‌وه‌ سته‌م ده‌كات و خوێن ده‌ڕێژێت.

ڕۆژی (سێشه‌ممه‌ 28ـی ئایاری 2024) موقته‌دار سه‌در، له‌ په‌یامێكدا داوای كرد باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دابخرێت و كارمه‌ندانی ده‌ربكرێن. گوتیشی، داوای داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا دژ به‌ چاوپۆشیی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانی ئیسرائیل دژ به‌ هاووڵاتییانی غه‌ززه‌ و ڕه‌فه‌ح.