هەولێر رووبەڕووی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە

یانەی وەرزشی هەولێر
یانەی وەرزشی هەولێر

هەولێر دوای بردنەوەکەی یەکەمی لەگەڵ سەمیر بابۆی راهێنەری نوێی یانەکەی، ئەمجارەیان لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریگای دهۆک میوانداری یانەی نەفتی بەسڕە دەکات، هەموو ئامانجی یاریزانەکانی یانەکەش بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەیە.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی یانەی هەولێر، بە گووتەی سەمیر بابۆ راهێنەری یانەکە، توانای جەستەیی یاریزانەکانە و یەکێک لە هۆکارەکانیش گەشتە دوور و درێژەکانیانە لە ماوەی رابردوو. دوای ئەو یارییەش خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال، بە شێوەیەکی کاتی دەوەستێت.

هەولێر ئەم وەرزە لە کۆی 29 یاریی، خاوەنی 7 بردنەوە و 12 دۆڕان و 10 یەکسانبونە و بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی چواردەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و هەموو ئامانجیشی دوورکەوتنەوەیە لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی و ناوچەی دابەزین.

یانەکەی قەڵا و منارە دوو یاریی دواخراوی بەرامبەر یانەکانی کارەبا و تەڵەبە هەیە و ئەوان بەو هیوایەن لەو دوو یارییەش بتوانن خاڵی پێویست بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی کۆتایی ریزبەندی دووربکەونەوە.

هەولێر بەهۆی سزادانی دوو یارییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و لەو دوو یارییەش لە دهۆک پێشوازی لە رکابەرەکانی دەکات، ئەم یارییەش دەبێتە دوایین سزای و پاشان دەگەڕێتەوە یاریگای خۆی و هاندەرانی یانەکەش، تامەزرۆی بینینی یارییەکانی یانەکەیانن، بە راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ.