تورکێش عزەدین: پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەربەستن لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک

تورکێش عزەدین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی لە کەرکووک
تورکێش عزەدین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی لە کەرکووک

سەرکردەیەک لە بەرەی تورکمانی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بۆ سێیەم جار لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک، لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

رۆژی چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024(، تورکێش عزەدین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، پێکهێنانی ئیدارەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی لێکەوتەوە، لە کۆبوونەوەی دووەمیش هێزو لایەنە سیاسییەکان کارنامەی سیاسیی خۆیان بۆ ئیدارەی خۆجێی کەرکووک خستەڕوو، لە کۆبوونەوەی سێیەم لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەوە، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک.

تورکێش گوتی، پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەربەستن لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، پێویستە سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فشار لەسەر لایەنەکان دروست بکات بۆ ئەوەی سازش بۆ یەک بکەن لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان، بۆ ئەوەی بەیەکەوە خزمەت بکەن.

دەشڵێت، کەرکووک شاری پێکەوە ژیانە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان نایانەوێت سازش بۆ یەک بکەن، چونکە پێیان وایە بە سازش کردن بۆ لایەنەکانی دیکە، دەنگی جەماوەریی خۆیان لەدەست دەدەن، بۆیە پێداگریی دەکەن لە وەرگرتنی زۆرترین پۆست لە ئیدارەی خۆجێی کەرکووک.

تورکێش گوتی، هاوکێشە سیاسییەکە لە کەرکووک قورسە چونکە پێکهاتەکان زۆر و جیاوازن، دەڵێت، ئێمە ڕازین بەوەی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەشێوەی خولی بێت، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەیەکتر نزیکبووینەتەوە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام لایەنی عەرەبی ڕازی نین.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە(29ـی ئایاری 2024)، محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سێیەم جار، لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکانی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە، بۆ گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک، دوای پێنج مانگ لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن.