چین: هاوکاریی بەپەلە پێشکەش بە ئۆنروا دەکات

سەرۆکی چین ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسی ئاشتی هیوای خواست "بە مەودایەکی فراوان" ئەم کۆنفرانسە چارەی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بکات و دەڵێت، "وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی بەپەلە پێشکەش بە UNRWA دەکات".

شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە وتارەکیدا لەبەردەم کۆڕبەندی چین و وڵاتانی عەرەبی لە پەکین ڕایەگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاکێکە کە ئاسۆی فراوانی گەشەسەندنی هەیە، نابێت دادپەروەری بۆ هەمیشە نادیار بێت. هەروەها گوتیشی، پێویستە بنکەیەکی فراوان و متمانەپێکراو لە کۆنفرانسی ئاشتی نێودەوڵەتی دا هەبێت.

سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدات هاوکارییەکان لەبواری وزە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی قووڵتر بکاتەوە، دووپاتیشی کردەوە، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی چین، چین بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی هاوکاری ستراتیجی لەگەڵ لایەنی عەرەبی لە بواری نەوت و گاز، و تێکەڵکردنی ئاسایشی و دابینکردنی ئاسایشی بازاڕ.

گوتیشی، "چین ئامادەیە لەگەڵ لایەنی عەرەبی لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان لە بواری تەکنەلۆجیای وزەی نوێ و بەرهەمهێنانی ئامێرەکاندا کاربکات".

شی خوازیاری ئاگربەست لە غەززە بوو، جەختی لە سەر ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە کرد و دەڵێت، "وڵاتەکەی هاوکاریی بەپەلە پێشکەش بە UNRWA دەکات".

ئەوەشی خستە ڕوو کە پەکین پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەکات کە قودس وەک پایتەختی بێت.

شی دەشڵێت، "ئێمە ئامادەین لەگەڵ لایەنی عەرەبی کار بکەین، بۆ گەڕان بەدوای ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە خاڵە گرنگەکان، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری درێژخایەن بکات ".

لە کۆتایی قسەکانیدا شی ڕایگەیاند کە چین میوانداری دووەمین لوتکەی چین و عەرەب دەکات لە ساڵی داهاتوودا واتە 2026دا.