چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت مەندەلاوی درێژە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدات

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق

لە پێنج دانیشتنی پەرلەمان و سێ پرۆسەی دەنگداندا، تاوەکو ئێستا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا نەکراوەتەوە. شارەزایانی سیاسیش بۆچوونیان وایە خواستێک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی موحسین مەندەلاوی درێژە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدات.

لە ماوەی پێنج دانیشتنی پەرلەمان و سێ پرۆسەی دەنگداندا؛ پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە 14ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

شەش مانگە پەرلەمانی عێراق لە قەیرانی بێ سەرۆکایەتیدایە، پێ دەچێت قەیرانەکە درێژەی هەبێت لەبەر چەندین هۆکار کە دیارترینینان بریتین لە:

-لایەنە سووننەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش  بۆ سەرۆکی پەرلەمان

-نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی یاسادانان کە لە نۆی مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت.

شارەزایانی سیاسی بۆچوونیان وایە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەونە مانگی تەمموز بەبۆچوونی ئەوان زۆر هۆکار هەن:

- یەکەمیان چونکە نزیکەی 80 پەرلەمانتار سەرقاڵی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەجن.

- دووەمیان موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ناوبراو هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەدات لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

 لەلایەکی دیکە رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەردەوام دەبێت و دەکەوێتە وەرزی دووەمی یاسادانان لەمساڵدا کە سەرەتای مانگی تەمموز دەست پێ دەکات و بە دووری دەزانێت لەم مانگەدا دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بدرێت.

ئەنەس مەشهەدانی، توێژەری کاروباری سیاسی دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکان رێکنەکەوتنی لایەنەکانی سووننەیە، و دەشڵێت: لە دوای ساڵی 2003ـەوە لایەنە سوونییەکان هەمیشە لەقەیرانی رێککەوتندا بوون لەسەر ئەو پۆستانەی کە بەرکەوتەی سووننەکان.

 ئاماژە بەوەش دەکات لەنێو لایەنە شیعییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی خواستێک هەیە کە دەیەوێت موحسین مەندەلاوی درێژە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدات ئەمەش لەپێناو دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە لایەنە شیعییەکان خواستیان لەسەرەو، راگرتنی رەشنووسی یاساکانی دیکە، کە بەبۆچوونی ئەو، بایکۆتکردنی لایەنە سوونییەکان و کورد لە دانیشتنەکانی رابردوودا ئەمە بە روونی دەرکەوتووە.

چەندین مانگە رەشنووسی یاسای گرنگ لەدیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کەڵەکەبوون بۆ ئەوەی پەسەند بکرێن، وەک یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان ، یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و یاسای پاراستنی ژنان، جگە لە چاوەڕوانییەکان بۆ یاسای بودجەی ساڵی 2024.