نیویۆرک تایمز: بایدن بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئۆکرانییەکان دەردەکات

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا نزیکە لەوەی ڕێگە بە هێزەکانی ئۆکرانیا بدات، چەکی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا بەکاربهێنن.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاشیگەیاندووە، "پێدەچێت ئەم هەنگاوە بەمەرج دەبێت، کە بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکا بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییە تایبەتەکان دەبێت، نەک ئامانجە مەدەنییەکان لەسەر خاکی ڕووسیا".

کۆشکی سپی پێداچوونەوە فەرمی بەبڕیارەکانیدا دەکات لەبارەی سنووردارکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەکارهێنانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

لە 25ـی ئایاردا، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد، هەندێک سنووردارکردن هەڵبگرن، سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوا کە بۆ ئۆکرانیاییەکان گواستراونەتەوە. بەمەش ڕێگەیان پێدرا هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانیان لەسەر خاکی ڕووسیا. لە بەرامبەردا ماتیۆ سالڤینی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای لە ستۆڵتنبێرگ کرد دەست لەکار بکێشێتەوە.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیاش لەسەر پێشنیارەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە ڕێگەدان بە کیێڤ بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی ڕووسیا، جەختی کردەوە، کە وڵاتانی ناتۆ دەبێ لەوە تێبگەن کە یاری بە چی دەکەن.

ڕۆژی شەممە (20ـی نیسانی 2024) کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای 61 ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا پەسەند کرد.