مەسرور بارزانی و هادی عامری جەخت لە چارەکردنی کێشەی مووچە دەکەنەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هادی عامری (وێنە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان)
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هادی عامری (وێنە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان)

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هادی عامری جەخت لە چارەکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شايسته‌ دارايييه‌كان و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دەکەنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا؛ له‌گه‌ڵ هادى عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی ( نبني- بنیاتنان) کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو چارەکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شايسته‌ دارايييه‌كان و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتييان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لەگەڵ عامری کۆببێتەوە، لە بەغدا، لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆبووەوە. 

هاوکات هادی عامری دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تەنیا باسمان لە کێشەکان نەکردووە، بەڵکوو چەندین خاڵی ئەرێنیش هەن کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".

عامری گوتیشی، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە بۆ ئەوەی خاڵە ئەرێنییەکان پتەوتر بکرێن و کێشەکانیش چارە بکرێن، هەروەها سەرۆکوەزیرانمان هاندا لە داهاتوودا زیاتر سەردانی بەغدا بکات و بەردەوام بێت لەو دیدارانە، بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و پەیوەندییەکان لە نێوان هەولێر و حکوومەتی فیدراڵ زیاتر قوڵ بکرێنەوە".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هادی عامری ئاماژەی بەوە کرد، "دادگای فیدراڵی، حکوومەتی عێراق پابەند دەکات بە ناردنی مووچە، تەنیا کێشیەکەی تەکنیکی هەیە لە بەبانکیکردنی بابەتەکە." 

 

 

 

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.

مەسرور بارزانی و سوودانی: گرنگە کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بارودۆخى عێراق به‌ گشتى و گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کراوە.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرودوولا هاوڕابوون له‌ سەر پێویستیی به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆى بنياتنه‌رانە بۆ چارەکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "له‌گه‌ڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق هاوڕابووین کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە: "دووپاتم کردەوە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".

مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بەغدام

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون". وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی "پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆیان".