ئیسرائیل قوتابخانەیەکی لە غەززە بۆردومان کرد دەیان کەس کوژران و بریندار بوون

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند، لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکان تێیدا نیشتەجێبوون لە نوسیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لانیکەم 27 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەر ئۆنروا، دەیان فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون. کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن.

ئاژانسەکە لەسەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل قوتابخانەی "ئەلسەردی"یان لە کەمپی نوسیرات کردووەتە ئامانج کە هەزاران ئاوارە لەو قوتابخانەیەدا نیشتەجێن، ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 32 کەس، کە ژمارەیەکیان بە سەختی بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا.

سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر ئەو قوتابخانەیەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گرتە ئەستۆ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "فڕۆکە شەڕکەرەکان هێرشێکی وردیان ئەنجامداوە و کۆمەڵگەیەکی حەماسیان کردووەتە ئامانج لە ناو قوتابخانەیەکی UNRWA لە ناوچەی نوسیرات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەیەک چەکدار لە شوێنی ئامانجدار لەناوبراون.