سینەماکارانی کورد لە ئەڵمانیا چەند خەڵاتێکیان بەدەستهێنا

kurdistan24.net

K24 – بەرلین:

بۆ ئەدیب و سینەماکارانی کورد لە ئەڵمانیا ئەمساڵ ساڵی چنینەوەی خەڵاتە سینەمایی و وێژەییەکان بوو. سینەماکاران، سۆلین یوسف، موحەممەد ئەکتاش و ئایشە پۆلات چەندین خەڵاتیان بەدەستهێنا. هەروەها نووسەری کورد ڕۆنیا عوسمانیش خەڵاتی بۆ ڕۆمانێکی بەدەستهێنا.

فیلمی براوەی کچە کوردی شاری دهۆک، سۆلین یوسف خەڵاتی باشترین فیلمی منداڵانی لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا، کە ئەم خەڵاتە وەک ئۆسکاری ئەڵمانیا وایە.

سۆلین یوسف، دەرهێنەری فیلمەکە بۆ کوردستان24 گوتی: چیرۆکی فیلمەکە کوردییە و ناسنامەکەشی کوردییە، ڕۆڵی سەرەکی کچێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە، ناوەڕۆکی فیلمەکەش بە کوردستان و کاراکتەری کوردییەوە گرێدراوە، سەرەڕای ئەوەش بەرهەمەکە ئەڵمانییە، بۆیە بووە باشترین فیلمی منداڵان لە ئەڵمانیا.

هەروەها فیلمی لە خاڵی کوێردا، لە لایەن سینەماکارانی باکووری کوردستان بەرهەمهێنراوە. نووسین و دەرهێنانی ئایشە پۆڵاتە و بەرهەمهێنانی موحەممەد ئەکتاشە. خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین نووسین و دەرهێنانی ئەڵمانیای بەدەستهێنا.

لەوبارەیەوە، سۆلین یوسف زیاتر گوتی: ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سینەمای کوردی لە ئاستی دنیادا بناسرێت، کاتێک دەکەوینە ناو سینەمای ئەڵمانیا ئەوە هەنگاوی یەکەمە، دواتر دەکەوینە ناو سینەمای نێودوڵەتیش، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ سینەمای کوردی.

هاوکات ڕۆنیا عوسمان، کچە کوردێکی ئێزدییە و بە زمانی ئەڵمانی ڕۆمان دەنووسێت، چەندین خەڵاتی ئەدەبی گرنگی بەدەستهێناوە و نوێترینیان بۆ ئەمساڵ خەڵاتی وێژەیی ئوزەدۆمەی، بۆ ڕۆمانەکەی بە ناونیشانی هاوین وەرگرتووە.

ئەو کچە ڕۆماننووسە بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو خەڵاتە لەلایەن دوورگەیەکەوە لە ئەڵمانیا، کە لە ئۆست زێیە دەدرێت، ئەو خەڵاتێکی وێژەییە و بۆ یەکەم ڕۆمانم وەرمگرت، ڕۆمانەکە لە ساڵی 2020 بڵاو بووەتەوە بەڵام من ئێستا وەرمگرت، زۆر دڵخۆشم پێی.

نەوەی نوێی کوردانی ئەڵمانیا، وەک ئەستێرە بە ئاسمانی سینەما و وێژەی ئەڵمانی دەرکەوتوون و ئەوەش کاریگەری باشی بۆ خەباتی کولتووری و ناسنامەی کوردانی ئەو وڵاتە دەبێت.