کتێبی شیعری "ژنێک لەباخچەی مەراقدا" بڵاوکرایەوە

چاپکراوی نوێ
چاپکراوی نوێ

شاعیر شنیا عەبدولمەجید، نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی "ژنێک لەباخچەی مەراقدا" چاپ و بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی حوزەیرانی 2024، شاعیر شنیا عەبدولمەجید، لەبارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ساڵانێکی زۆری بێدەنگیم، مەبەستم بێدەنگیمە لەچاپکردنی کتێب نەک بێدەنگیم لە نووسین و کەیهانە فراوان و پیرۆزەکەی ئەدەبدا، لەدوای ڕۆمانە چڕو پڕەکەی ساڵی 2008م، بەناوی"لە وڵاتی دۆزەخدا، کوانێ عەشق؟" بوو، ئیتر دوای ئەو ڕۆمانەوە بە خوێندنەوە و نووسین و ژیانەوە سەرقاڵ بووم، تا هەندێ لە دەقەکانمم گوڵ بژێر کردن و لە دیوانێکدا چاپیانم کرد و وەکو چوارەمین  کتێبم ڕازاندمەوە بۆ خوێنەرانی ئەدەب و وێژە، ئەویش کتێبی " ژنێک لە باخچەی مەراقدا".

ئەو شاعیرە گوتیشی، "ئەو کتێبە شیعرییەم هەڵێنجاوی بەرهەمی دڵۆپێک لە دەریایی ئەو ساڵە زۆرانەی بێدەنگیمە، کە زۆر ژنانە و تا ئەوپەڕی مێیانە نووسیومەتەوە، چونکە من هەمیشە پێم وابووە، کە نووسین دەبێ وەکو خودی ڕەگەزی خۆت بینووسیتەوە".

شاعیر دەڵێت، "بەزمانێکی تەواو ئەدەبیانە، تا توانیومە بە شێوە تازەگەریەکانی ئەمڕۆی شیعر دامڕشتوون، دڵخۆش دەبم گەر بەدڵ و سۆزی ئەدیبان و  تەواوی توێژ و  وێژەران بێت، ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە من هێندە بە ووردی کارم لەسەر ئەم کتێبەم کردووە، وەک توێژێکی کۆن و پڕ ئەزموونی ئەم کەیهانە زۆر بەرفراوانەدا، تەنانەت حەزم کردووە دیزاینی بەرگەکەیشی تەواو گوزارشت لەوە بکات کە خودی نووسەری کتێبەکە ژنێکە، ئەمە وێرایی بەکارهێنانی ڕەمز و هەڵهێناوی تەلیسمی دەقەکانم، کە ئەمەم هەمیشە لا مەنزوور بووە، چونکە کاتێک دەق بە تەواوی خۆیدا بەدەستەوە، ئەمە ئەوکات ئەوە دەگەیەنێ کەتۆ هیچ شتێکت پێ نەبووە".

شاعیر شنیا عەبدولمەجید، خاوەنی چوار کتێبی شیعری چاپکراوە و هەمیشە بەردەوامە لەنووسین، لە ئێستەشدا نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی "ژنێک لەباخچەی مەراقدا" بڵاوکردۆتەوە.