د. هەڵۆ تاڵەبانی: کابینەی نۆیەم سیستەمی کارکردن لە هەموو بوارەکاندا دیجیتاڵی دەکات
خاوەنی کۆمپانیایی "ئیگڵ پۆست" ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم سیستەمی کارکردن لە هەموو بوارەکان دیجیتاڵی دەکات، ئەم پڕۆژەش تەواوکەری کارنامەی کابینەکەیانە کە هەردەم جەخت لەسەر خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ سەنتەری "ئیگڵ پۆست"کرایەوە د. هەڵۆ تاڵەبانی، خاوەنی کۆمپانیایی "ئیگڵ پۆست" بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی دەکەین بۆ پشتگیریکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەروەک لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دابوو کە پێویستە سیستەمی کارکردن لە هەموو بوارەکان دیجیتاڵی بکرێت، ئەم پڕۆژەش تەواوکەری کارنامەی کابینەکەیانە، کە هەردەم جەخت لەسەر خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دەکەنەوە.
خاوەنی کۆمپانیایە گوتی: "پۆستە بریتییە لە گواستنەوەی پێداویستی هاووڵاتییان، هەروەها بووەتە بەشێک لە ئاسانکاری و ڕاپەڕاندنی ڕۆژانەی هاووڵاتییانیش".
هەروا گوتی: "ئێمەش لەڕێگەی کۆمپانیایی "ئیگڵ پۆست" کە هاوبەشە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەمان بە دیجیتاڵیکردنی بواری پۆستە داوە، لەژێر ڕێنمایی گواستنەوە و گەیاندن بەشێوەیەکی سەردەمیانە، کە لەگەڵ پێداویستی هاووڵاتییاندا بگونجێت".
خاوەنی کۆمپانیایی "ئیگڵ پۆست" ئاماژەی بەوەشدا کە "پێشکەوتن و ئاسانکاریی لە بواری پۆستە کارێکی پێویستە، دەبێتە هاوکارێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری، هەروەها دروستبوونی متمانە لەنێوان کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان".
هەڵۆ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "ئەم پڕۆژە دەبێتە بوارێک لە بوارەکانی پەرەپێدانی پۆستە لە هەرێمی کوردستان، کە هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسانی پۆستەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بگوازنەوە و هەروەها لە هەموو جیهانیش پۆستەکانیان بە پارێزراویش لەڕێگەی کۆمپانیای "ئیگڵ پۆست" بگاتە دەستیان".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری "ئیگڵ پۆست"، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن؛ لە شاری هەولێر کردەوە.