بەدواداچوون لەبارەی دەستگیرکردنی دوو حاجی عێراقی لە سعوودیە دەکرێت

مەککە
مەککە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، بەدواداچوون دەکەین و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعوودیە لەسەر هێڵ دەبین لەبارەی دەستگیرکردنی دوو حاجی عێراقی.

دوای ئەوەی دوو حاجی عێراقی لە سعوودیە دەستگیر دەکرێن، ئەمڕۆ شەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) میقداد مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر هێڵ دەبێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە و بەدواداچوون لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی دوو حاجی عێراقی لە وڵاتەکە دەکات.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی ئازادکردنی دوو حاجییە عێراقییەکە لە سعوودیە دەدات، هەروەها وەزارەتەکە هەوڵی زانینی هۆکاری دەستگیرکردنیشیان دەدات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زانایانی ئایینی لە سعوودییە داوایان لە حاجیان کردووە سەرنجیان لەسەر عیبادەت بێت و خۆیان بە دوور بگرن لە هەر چالاکیەکی سیاسی یان تائیفی لە کاتی ڕێوڕەسمی حەجدا. ئەمەش لە كاتێكدایە سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق ڕایگەیاند، دوو حاجی عێراقی لە سعوودییە دەستگیرکراون و تیمی کونسوڵخانەی عێراقیش بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانیان دەکات.

رۆژی شەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)  تەوفیق ڕەبیعە، وەزیری حەجی سعوودییە گوتی: حەج عیبادەتە و هیچ پەیوەندییەكی بە دروشمی سیاسیەوە نییە، ئەمە ڕێك ئەو شتەیە كە سەرکردایەتیی شانشینی سعوودییە کاری لەسەر دەکات، دڵنیابوون لەوەی حەج کردەوەیەکە بەرزترین ئاستی ڕێز، ئارامی و ڕۆحانییەت لەخۆ دەگرێت".

بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لە دەستگیركراوان شرۆڤەکارێكی سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە بە ناوی "عەمار موسافر". دەسەڵاتدارانی سعوودییە پێشتریش حاجییەكی عێراقییان بە تۆمەتی گوتنەوەی دروشمی سیاسی و تایفی دەستگیر كردبوو.

تەوفیق ڕەبیعە، وەزیری حەجی سعوودییە ڕایگەیاند، "نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار حاجی لە سەرتاسەری جیهانەوە گەیشتوونەتە سعوودییە، لە گەشتەكاندا ئاسانکارییان بۆ كراوە و دڵنیاییان پێ دراوە، ئەوان لە بارودۆخێکی تەندروستی نایاب دان و ڕێوشوێنەكان جێگەی ڕەزامەندی حاجیانە".