سعوودیە.. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار تاکسی فڕیو بۆ گواستنەوەی حاجییان بەکاردەهێنرێت

تاکسی فڕیو
تاکسی فڕیو

K24 – هەولێر:

لە ئەزموونێکی نوێدا ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە سعوودیە تاکسی فڕیو بۆ گواستنەوەی حاجییان بەکار دەهێنرێت، وەزیری گواستنەوەی سعوودیەش دەڵێت: تاکسییەکە نوێترین تەکنەلۆجیای مۆدێرن لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە و دۆستی ژینگەیە و پشت بە ئەپلیکەیشنی ژیریی دەستکرد دەبەستێت.

ساڵح بن ناسر، وەزیری گواستنەوەی سعودییە، سەرپەرشتی دەستپێکردنی یەکەم تاقیکردنەوەی تاکسی فڕیوی کرد. ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە بۆ گواستنەوەی حاجییان لەنێوان شوێنە پیرۆزەکان دابین کراوە، هەروەها ئەم تاکسییە بۆ گواستنەوەی ئامێری پزیشکی و هەر بارودۆخێکی نائاسایش بەکاردەهێنرێت.

وەزیری گواستنەوەی سعودییە دووپاتی کردەوە کە خستنەڕووی ئەزموونی تاکسی فڕیو لە چوارچێوەی دەستپێشخەری سیستەمی گواستنەوە و لۆجستیکدایە، نوێترین تەکنەلۆجیا لە دروستکردنیدا بەکارهێنراوە کە دۆستی ژینگەیە و پشت بە ئەپلیکەیشنی ژیری دەستکرد دەبەستێت.

لای خۆیەوە عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا، سەرۆکی دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی سعوودیە، گوتی: ئەم دەستپێشخەرییانە بە نەخشەڕێگەیەک دادەنرێت بۆ کاراکردنی جوڵەی ئاسمانی پێشکەوتوو، لەنێویاندا تاکسی فڕیو، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەرەباڵغی رێگە و گەیشتنە شوێنێ مەبەست بە کاتێکی کەم.

هاوکات باسی لەوە کرد، ئەم تاسکییە جگە لە گواستنەوەی هاووڵاتییان، بۆ حاڵەتکانی فریاگوزاریش بەکار دەهێنرێت، وەک گواستنەوەی پێداوستییە پزیشکییەکان و چاودێریی و پشکنین.

ئەزموونی تاکسی فڕیو یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی سیستەمی گواستنەوە و لۆجستی لەنێو ئەو 32 تەکنەلۆجیا مۆدێرنەی کە لە حەجی ئەمساڵدا بەکارهێنراون، بۆ خزمەتکردنی حاجیان.