شێخ مووس قایا: دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی نسێبین بۆ مانگی ئه‌یلوول دواخرا

شێخ مووس قایا
شێخ مووس قایا

پێنجەم دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی نسێبین دواخرا، هاوكات پارێزه‌ری دۆسیه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌سوكاری قوربانییه‌كان گومانیان هه‌یه‌ و دڵگرانن.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 13ـی حوزه‌یرانی 2024، شێخ مووس قایا، پارێزه‌ری دۆسیه‌ی قوربانیانی ڕووداوەکەی نسێبین تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، له‌ دانیشتنی ڕابردوودا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی تۆمه‌تباران و‌ جووڵه‌ی بانكی سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران كرا، ئه‌مه‌یش پێویستی به‌ ڕاپۆرتێكه‌ كه‌ پێویسته‌ كه‌سێكی پسپۆڕ بینووسێته‌وه‌.

شێخ مووس قایا ئاماژه‌ی به‌وهی‌ش كرد، چاوه‌ڕوانی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ دادگه‌، بۆیه‌ دانیشتنه‌كه‌ بۆ 12ـی ئه‌یلوول دواخرا.

پارێزه‌ری دۆسیه‌ی قوربانیانی ڕووداوەکەی نسێبین باسی له‌وه‌ش كرد، دوای گه‌یشتنی ئه‌م ڕاپۆرته‌، داواكاری گشتیی له‌ 12ـی ئه‌یلوول، قسه‌ی یه‌ك لاكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت و دۆسیه‌كه‌ كۆتایی پێ ده‌هێنێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یشڕاكێشا، گرنگی ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌وه‌دایه‌، تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌كه‌ به‌ ئاشكرا ده‌ستنیشان كراون و ڕوونه‌ تاوانه‌كه‌یان كردووه‌.

شێخ مووس قایا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش، ماڵباتی "شه‌هیده‌كان" گومانیان هه‌یه‌ و دڵگرانن نه‌وه‌ك كه‌سێكی دیكه‌ پشكی له‌و ڕووداوه‌ هه‌بێت و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌وه‌ كاره‌كه‌ كرابێت.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 12ـی حوزه‌یران، حەربی جەلالەدین، نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانییەکان بە کوردستان24ـی گوت: پێنجشەممە 13ـی حوزەیرانی 2024، لە کاتژمێر 13:30ـی دوای نیوەڕۆ، لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان پێنجەم دانیشتنی بکوژانی ڕووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوه‌ ده‌چێت.

لەبارەی ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی دادگا، حەربی جەلالەدین ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆسەی دادگاییکردنی بکوژان زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت و خاوی لە ڕێکارەکان و بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان هەیە، بۆیە ئەمەیش گومانی زیاتری لای کەسوکاری قوربانییەکان لەبارەی ئەو دۆسیەیە زیاتر کردووە".

نوێنەری قوربانییەکانی ڕووداوەکەی نسێبین داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی تورکیا دەکەن ڕووبەڕووی ڕووداوی لەو شێوەیە نەبنەوە، هاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکەیان لە دادگا بە لاڕێدا نەبرێت و بکوژان بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.

هاوکات حەرەبی جەلالەدین جەختی لە هەڵوێستی کەسوکاری قوربانییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر دادگا بێلایەن نەبێت لە دەرکردنی بڕیارەکان و پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباران بێ ئەنجام کۆتایی پێ بهێندرێت، وەک کەسوکاری قوربانییەکان، ڕێگەی دیکە دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا ڕای دەگەیەنن.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2023، لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، پێنچ هاوڵاتی شاری دهۆک کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچوونە تورکیا، لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهید کران.

ڕووداوەکە لە سەر ڕێگەی سەرەکیی نسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان ڕووی دا و داوی ڕووداوەکەیش، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا پێنج کەسیان دەستگیر کرد کە بە پێی دانپێدانانەکان، دووانیان تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکەن و سێ کەسەکەی دیکەیش لە تاوانەکە هاوکاربوونە.