سەیرترین چیرۆك لە مێژووی چامپیۆنزلیگ

رۆژی 1ـی نیسانی ساڵی 1998 كاتێك ستوونی گۆڵی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دادەڕمێت و دەیگۆڕن
رۆژی 1ـی نیسانی ساڵی 1998 كاتێك ستوونی گۆڵی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دادەڕمێت و دەیگۆڕن

لە رۆژی 1ـی نیسانی ساڵی 1998 یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە تەواوی پڕ بوو لە هاندەر، لەو شەوەدا یانەی ڕیال مەدرید لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ پێشوازی لە بوروسیا دۆرتمۆند دەكرد.
هاندەرانی ڕیال مەدرید دەیانزانی ئەم یارییە بۆ تیپەكەیان یارییەكی یەكلاكەرەوە دەبێت، بۆیە بەلێشاو ڕژانە  نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، تەنانەت پێش ئەوەی یاریزانان بێنە نێو یاریگە، جۆش و خرۆشی هاندەری ریال مەدرید گەیشتە لوتكە، هاندەرانی ریال مەدرید بە تەواوەتی یاریگەیان داپۆشی، تەنانەت بەسەر پەیژە و دیوار و چیمەنی یاریگە هەڵگەڕان، ئەمەش وایكرد ستوونی گۆڵەكان دابڕمێن.
دوای ڕمانی ستوونی گۆڵەكان، چارەنووسی دەستپێكی یارییەكە بەرەو نادیاری ڕۆیشت، ستاف و سەرپەرشتیاریانی یاریگە هەوڵیان دا ستوونی گۆڵەكان چاك بكەنەوە، بەڵام لە بەدبەختی ئەوان لەو رۆژەدا ڕۆژە هیچ ستوونێكی گۆڵی یەدەگ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا نەبوو، ئەمەش سەرپێچی ڕێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بوو.
بێدەنگی و ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر هاندەرانی ریال مەدرید دا كێشا، راهێنەر و یاریزانانی یانەی دۆرتمۆند كاتێك ئەو دۆخەیان بینی لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی یارییەكە دەستیان كرد بە فشارخستنە سەر ماریۆ ڤان دێری ناوبژیوانی هۆڵەندی. دۆرتمۆند داوای دەكرد یارییەكە لە بەرژەوەندی ئەوان 3 ـ 0 هەژمار بكرێت، بەمەش ئەركی ریال مەدرید بۆ یاریی چوون لە ئەڵمانیا زۆر قورس دەبوو.
لە گەرمەی كێشە و ئاڵۆزییەكان دا، ئاگۆستین هێرێرین جێگری بەڕێوەبەری یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئۆتۆمبێلێكی بچووكی هێنا و بەخێرایی بەرەو سەنتەرێكی كۆنی وەرزشی ریال مەدرید بەڕێكەوت كە 2 كیلۆمەتر لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دوور بوو، رۆیشت بۆ ئەوەی ستوونی گۆڵێكی ئەو یاریگەیە بێنێت.
ئاگۆستین لەو شەوەدا زۆر بەپەلە بۆ ئەو شوێنە بەڕێكەوت، بەڵام كاتێك كە گەیشتە بەردەم سەنتەرە وەرزشییەكە، بینی دەرگایەكە داخراوە، تەنانەت هیچ كارمەندانی ئاسایش لەو شوێنە نەمابوو، هەموویان بۆ یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و دۆرتمۆند بەرەو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رۆیشتبوون.
بەڵام ئاگۆستین بڕیارێكی بوێرانەی دا، بڕیاری دا بە هەر شێوەیەك بێت بچێتە نێو سەنتەرەكە و گۆڵەكانی ئەو یاریگە بگوازێتەوە بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام ئاگۆستین كێشەیەكی دیكەی هاتە بەردەم، پێویستی بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بوو.
کاندیدۆ گۆمێز هاوشێوەی ئاگۆستین پاڵەوانێكی دیكەی نێو ئەو ڕۆمانە بوو كە شۆفێری بارهەڵگرێك بوو لە مەدرید، ئەوكات بۆ نانخواردنی ئێوارە چوو بووە چێشتخانەیەك و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەی لە شوێنێكی نزیكی سەنتەرە وەرزشییەكە جێهێشت بوو، ئاگۆستین یەکسەر دەستی بە گەڕان كرد بۆ دۆزینەوەی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە، زۆری نەبرد شۆفێرەكەی دۆزییەوە كە كاندیدۆ گۆمێز بوو، بەكەمترین ماوە شۆفێرەكەی رازیكرد، چونكە گۆمێز هاندەرێكی سەرسەختی ریال مەدرید بوو.
كاتێك ئاگۆستین و شۆفێرەكە چوونە نێو ژووری سەنتەرە وەرزشییەكە زۆر هەوڵیان دا كلیلی دەرگای ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە ستوونی گۆڵەكانی تێدا بوو، كاتیشیان زۆر كەمبوو بۆ گەڕان بە دوای كلیلەكان، دواتر کاندیدۆ گۆمێز هێزی بەکارهێنانی هەڵبژارد، بارهەڵگرەکەی هێنا و بەکاری هێنا بۆ شکاندنی دەرگای ژوورەکە و گۆڵەکەیان بارکردە سەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە.
ئاگۆستین لەسەر شەقامەكان هاواری بۆ پۆلیسەكان دەكرد كە رێگە بۆ بارهەڵگرەكە چۆل بكەن بۆ بەدیهێنان و پارێزگاریكردنیان لە خەونی مەدریدییەكان و بردنەوەی نازناوەكە.
لەوكاتەشدا و لە نێو گۆڕەپان و یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ فشارەكانی یانە ئەڵمانییەكە بۆ سەر كارگێرانی یانەی ریال مەدرید بێ وێنە بوو، تادەهات زیاتر دەبوو، دۆرتمۆند دەستی بە هەڕەشە كرد و دەیانگوت چیتر بەفیڕۆدانی ئەوكاتە قبوڵ ناكەین، ناوبژیوانیش بەردەوام سەیری كاتژمێرەكەی دەكرد و نزیك بوو بە ناچاری بڕیاری دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی یارییەكە بدات، هاندەران ترسێكی گەورەیان لێ نیشتبوو چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات و خەونی مەدریدییەكان لە گۆڕ بنێت.
بەڵام لەناكاو ستوونێكی گۆڵیان لەسەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بینی بەرەو نێو یاریگە دەهات، لەوكاتەدا لە خۆشیان هاندەرانی ریال مەدرید تەقینەوە، وەكو ئەوە وابوو گۆڵێك لە یارییەكە بكەن، ئەمەش وایكرد هاندەران دوو هێندە زیاتر بەجۆش و خرۆش بن، چونكە ساتێك پێش ئەم دیمەنە زۆر نزیك بوو یانەكەیان بەبێ ئەوەی یاریی بكات 3 ـ 0 بدۆڕێت، بەڵام یارییەكە دەستی پێكرد و بە بردنەوەی ریال مەدرید بە 2 گۆڵی بێوەڵام كۆتایی هات، یاریی چوونیش بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
دوای یارییەكە لە مەراسیمێكدا ئیدارەی ڕیال مەدرید ڕێزیان لە کاندیدۆ گۆمێزی شۆفێری بارهەڵگرە گرت، هەروەها لۆرێنز سانزی سەرۆکی ئەوكاتی یانەی ڕیال مەدرید سوپاسنامەیەکی بۆ شۆفێرەكە نارد کە کۆمەڵێک دیاری و تۆپی یارییەکە كە واژۆی سەرجەم یاریزانەکانی لەسەر بوو، ئەمە جگە لەوەی بڕە پارەیەک وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری پێشكەشی ئاگوستین كراساڵی دواتریش پلەی ئاگۆستین بەرزکرایەوە و بووە بەڕێوەبەری یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

.
.