ڤیان دەخیل: حکوومەتی عێراق 155 هەزار ئێزدی دەداتە دەست گرووپە چەکدارەکان

ڤیان ده‌خیل، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق
ڤیان ده‌خیل، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر پرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و بەزۆر گەڕاندنەوەیان، بە باڵیۆزی ئەمەریکایان گوتووە  فشار لە حکوومەتی عێراق بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارە، ئەگینا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.

پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024)، ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر پرسی داخستنی کەمپەکان و بەزۆر گەڕاندنەوەی پەنابەران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەش ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقیان بە بڕیارێکی زۆر بەپەلە و دیراسەنەکراو وەسفکردووە، لەوەی حکوومەتی عێراق کە دەیەوێت لە 30ـی تەمووزی ئەمساڵ کەمپەکان دابخات، بێ ئەوەی ڕێگەی خۆش کردبێت بەتایبەت بۆ خەڵکی شنگال، بێ ئەوەی پرسیار لەخۆیان بکەن ئەو خەڵکە چۆن بگەڕێتەوە شنگال کە تا ئێستا خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی، ئاسایش نییە، گرووپی جۆراجۆر لە شنگال هەن وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی.

ڤیان دەخیل دەڵێت، ئێزدییەکان کۆمەڵکوژکراون، کچ و ژنەکانیان ڕفێندراون ، دوای 10 ساڵ لەو هەموو زەحمەتیەی لە کەمپەکان بەسەریان برد، بەزۆر دەیانگەڕێننەوە شنگال و کەمپەکان دادەخەن، لەکاتێکدا هیچ ئیش و کارێک لە شنگال نییە، خانوویان نییە، ڕێگاوبانیان و نەخۆشخانە و قوتابخانە و هیچ بنەمایەکی ژیانکردن لەوێ نییە، بەتایبەتیش لە باشووری شنگال .

ڤیان دەخیل گوتی، حکوومەتی عێراق زۆر بە ئاسانی 155  هەزار ئاوارە دەداتە دەست گرووپەکان کە هێشتا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە.

گوتیشی، چەند جارێک باڵیۆزی ئەمەریکا و باڵیۆزی وڵاتانی دیکەشمان بینووە، گفتوگۆمان لەبارەی کێشە و گرفتی ئاوارەکان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن فشار لە حکوومەتی عێراقی بکەن و قەناعەتی پێ بکەن کە بڕیارێکی بەپەلەی داوە، هاوکات بڕیارێکی ڕاست و دیراسەکراو نییە، چونکە ئەو خەڵکە دوای ئەو کارەساتەی کە لەسەر دەستی داعش بەسەریاندا هات، ئێستا بەشێوەیەکی زۆر خراپتر دەخرێنە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان.

ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوە کرد کە، باڵیۆزی ئەمەریکا بەڵێنیدا کە هەوڵی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بدەن بۆ ئەوەی پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دوا بخەن تاوەکو بنەمایەکی باشی ژیانکردن بۆ ئەو خەڵکە دابین دەکەن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە کە، ئەوان دەیانەوێت خەڵکەکە بەڕێزەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە شنگال، نەوەک شنگالێکی وێران، دەڵێت، بە باڵیۆزی ئەمەریکامان گوت، ئەگەر حکوومەتی عێراق سوور بوو لەسەر داخستنی کەمپەکان، ناچارین سکاڵا پێشکەش بکەین و ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو پرسە دژی مافەکانی مرۆڤە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024)، ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی داخستنی کەمپەکان و بەزۆر گەڕاندنەوەی پەنابەران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە بەغدا کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی خۆی، ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا باسیان لە بارودۆخی خەڵکی شنگال کردووە کە ناتوانن لە دۆخێکی نا سەقامگیر بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.