ئەمەریکا سزای بەسەر هێڵی ئاسمانی ئیماراتدا سەپاند بەهۆی گەشتکردن بە ئاسمانی قەدەغەکراوی عێراقدا

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "بلومبێرگ" کە بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ئەمەریکا هێڵی ئاسمانی ئیماراتی بە بڕی 1.8 ملیۆن دۆلار سزاداوە بەهۆی ئەنجامدانی گەشتەکانی لە " ئاسمانی قەدەغەکراوی عێراقدا".

بلومبێرگ ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی دوور مەودا لە جیهاندا، ئەو فڕۆکانەی بەکارهێناوە کە نیشانەی هێڵی ئاسمانی "جێت بلو ئێروەیز کروپ"ـی ئەمەریکییان پێوەیە و بەسەر ئەو ناوچانەی عێراقدا گەشتی کردووە کە بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا قەدەغەی کردووە."

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا پێشێلکارییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، باسی لە فڕین بەسەر ئاسمانی عێراقدا نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن نووسینگەی پاراستنی بەکاربەرانی ئاسمانی وەزارەتەکەوە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە لە نێوان مانگی کانوونی دووەمی 2021 تا مانگی ئابی 2022، هێڵی ئاسمانی ئیمارات ژمارەیەکی زۆر گەشتی لەژێر ناونیشانی "هێڵی ئاسمانی جێت بلو"  لە نێوان ئیمارات و ئەمەریکا لە ئاسمانی قەدەغەکراودا کردووە".

باسی ئەوەش کرا، "بە بەڕێوەبردنی ئەم گەشتانە بەم شێوەیە، هێڵی ئاسمانی ئیمارات مەرجەکانی دەسەڵاتی خۆی پێشێلکردووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سەرنشینانەی کە گەشت دەکەن بۆ ئەمەریکا و دەگەڕێنەوە ئەمەریکا بەبێ چاودێرییەکی گونجاو لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکاوە.

بەپێی هەواڵێکی بلومبێرگ، "ڕێککەوتنی هاوبەشی کۆد" ڕێکخستنێکی بازرگانییە کە ڕێگە بە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی دەدات کورسی لە گەشتێکدا بفرۆشێت کە لەلایەن هێڵی ئاسمانییەکی دیکەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پێشووی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا لە پێگەی خۆی بڵاویکردۆتەوە، کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیش لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020دا سزایەکی هاوشێوەی وەرگرتووە.

بەپێی فەرمانی ڕەزامەندی لەو کاتەدا، هێڵی ئاسمانی ئیمارات ڕایگەیاندووە، فڕۆکەوانەکان چوونەتە ناو ئاسمانی قەدەغەکراوەوە، چونکە لەلایەن کۆنترۆڵکەرانی هاتوچۆی ئاسمانییەوە ئاراستە کراون.

بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەو دوو کۆمپانیایە لە ساڵی 2013، "ڕێککەوتنی هاوبەشکردنی کۆد"یان ئەنجامداوە.