مەسرور بارزانی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە "زۆر باش" ناودەبات و دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقووڵییەکانیان تاوتوێ کردووە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.

مەسرور بارزانی: کۆبووەنەوەکەمان زۆر باش بوو

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا  بە ناوی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان "بە خێرهاتنێکی گەرمی" سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ بەغدا و هەولێر کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، هەردوولا باسیان لە "کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە"ـیان کردووە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە "لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە".

 

 

تەواوی قسەکانی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا:

بە ناوی خۆم و حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر دەکەم. زۆر زۆر بەخێربێی جەنابی وەزیر.

ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە.

باسی کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکەمان کرد؛ هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە ئیستیقراری ناوچەکە لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە.

جارێکی دیکە بەخێرهاتنێکی گەرمی جەنابی وەزیر دەکەم، زۆر زۆر بەخێربێن.